زانکۆکانی سلێمانی: داواكارییەكانمان جێبەجێنەكرێت بایكۆتی خوێندن دەكەین

10:57

ژنها

سلێمانی - هەشت زانكۆ و دەستە یاداشتێكيان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد و تيايدا داوایانكردووە، پاشەكەوتی موچەیان ٢٥ لەسەد زیاتر نەبێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێنەكرێت بایكۆتی خوێندن دەكەن.

کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٦ نوێنەرانی زانکۆکانی(سلێمانی، کۆیە،چەرمۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، گەرمیان، پۆلی تەکنیکی سلێمانی و دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی) لەبەردەم زانكۆی سلێمانی گردبوونەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەک.

لە یاداشتنامەکەدا داوای ئەوەدەكەن "حسابی بانكی هەر فەرمانبەرێك و مامۆستایەك بكرێتەوە بۆ پاشەكەوتی موچەكانیان بۆ ئەوەی متمانەی حكومەت بگەڕێتەوە".

لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەدا هاتووە "پێویستە شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجبكرێت و موچەش هەر سی رۆژ جارێك لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت".

ئاماژەشيانداوه، هەوڵیانداوە زانكۆكانی هەولێر و دهۆكیش لەگەڵیاندابێت بەڵام هەوڵەكانیان نەگەیشتووەتە ئاكام.
(ش ب)