یەکەمین خولی شەرڤانانی ژن لەناو'قەسەدە' کۆتایی هات
12:22
ژنها
حەسەکە – لە شاری حەسەکە یەکەمین خولی شەڤانانی ژن لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتی(قەسەدە)، کە لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمانن کۆتایی هات.
بەشداری کردنی شەرڤانانی ژن لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتی ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە، هەر بۆیە ئەکادیمیای شەهید ئارین خولێکی پەروەردەی لە ژێر ناوی خولی پەروەردەی شەهید ئارین بۆ ٣٢ شەرڤانی ژن کردەوە کە لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمانن.
خولەکە دوای دوومانگ، ئەمڕۆ بە ئاهەنگێک کۆتایی هات.
لەو خولەدا، ژنان لە سەر هەر یەک لە وانەکانی(ئازادی ژن، ڕاستینەی ڕێبەرایەتی، نەتەوەی دیموکراتی،هەروەها پەروەردەی سەربازی) پەروەردەیان بینی.
ئاهەنگی کۆتایی هاتنی خولەکە بە مەراسیمێک دەستی پێکرد، پاشان ساریا ئەڤیندار فەرماندەی قەسەدە، لە وتەیەکیدا یەکەمین خولی ژنانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە سەرجەم گەلانی سوریا بەتایبەتیش لە ژنان پیرۆز کرد.
پاشان شەرڤانان سوێندی سەربازیان خوارد کە بۆ ئازادی ژنان و گەلانی ناوچەکە دژی ستەم و زۆرداری تێبکۆشن.
ئاهەنگەکە بە وتنەوەی گۆرانی شۆڕشگێری و هەڵپەرکێ کۆتایی هات.
(ش ب)