١٦ ساڵ حوکمی زیندانی نێرگز محەمەدی ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە
10:23
ژنها
ناوەندی هەواڵ – لێبوردەی نێونەتەوەیی نارەزایی بەرامبەر بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ سەپاندنی ١٦ ساڵ زیندانی بەسەر نێرگز محەمەدی دەربڕی.
رێکخراوی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، کە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران سزای ١٦ ساڵ زیندانی نێرگز محمەدیی کەم نەکردەوە و بڕیاریدا پێویستە محەمەدی ١٦ ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)یش رەخنەی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران گرتوە و رایگەیاندوە:" ئەو سزایە ئاشکرای دەکات، کە بەرپرسانی ئێرانی بەنیازن پارێزەرانی مافی مرۆڤ بێدەنگ بکەن".
فلیپ لۆتەر، بەڕێوەبەری لێبوردنی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەرامبەر سزای ١٦ ساڵ زیندانی نێرگز محەمەدی کاردانەوەی بووە و رایگەیاندوە:" ئەو سزایە گورزێکی دڕندانەی دیکەیە بە جەستەی مافی مرۆڤ لە ئێران و دەیسەلمێنێت کە بەرپرسانی ئێرانی چۆن بە ئاسانی سووکایەتی بە عەدالەت دەکەن، نێرگز محەمەدی پارێزەرێکی مافی مرۆڤ و زیندانیەکی بیر و هزرە، کە پێویستە بەهۆی کارەکانیەوە رێزی لێبگیرێت نەک ئەوەی لە زیندانی تاکەکەسیدا سزابدرێت".
فلیپ لۆتەر داوای ئازادی بێمەرج و دەستبەجێی نێرگز محەمەدی کردوە و رایگەیاندوە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، هیچ کات ناتوانێت پەیوەندیەکی دیبلۆماسی باسی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەبێت.
نێرگز محەمەدی لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥ەوە لە زینداندایە و یەکەمین دادگاییکردنی لە ئایاری ئەمساڵ بەڕێووەچوو، لەو دادگایەدا بە تۆمەتی دامەزراندنی گروپی "هەنگاو بە هەنگاو بۆ لابردنی سزای سێدارە" ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و بە تۆمەتی کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەییش شەش ساڵ زیندانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
واتە دادگای شۆڕشی پارێزگای تاران ١٦ ساڵ زیندانی بەسەر نێرگز محمەدیدا سەپاند، کە بە پێی یاساکانی ئێران لە کۆی ئەو ١٦ ساڵە، پێویستە تەنها ١٠ ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە و شەش ساڵەکەی دیکەی ببەخشرێت، بەڵام دادگای شۆڕشی پارێزگای تاران لە دادگای پێداچوونەوەدا ١٦ ساڵ سزاکەی دووپات کردوە.
نێرگز محەمەدی لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی زیندان رێگریان لێکردبوو لەگەڵ منداڵەکانی پەیوەندی تەلەفۆنی هەبێت، ٢٠ رۆژ مانی لەخوردن گرت و پاشەکشەی بەرژێمی ئێران کرد و لە ئەنجامدا توانی پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکانی بگرێت، لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەو کاتیش بە بەنامەیەک پشتگیری لە نێرگز محەمەدی کردبوو.
( ش ب)