دەبێت کەلتوری خۆمان بە زیندوویی بهێڵینەوە
19:24
ژنها
ناوەندی هەواڵ - ژنێکی کورد ماوەی ١٠ ساڵە کاری هونەری دەستی دەکات و لەو رێگایەوە کلتوری گەلەکەی دەپارێزێت.
هونەری کاری دەستی یەکێکە لەو هونەرانەی، کە لە کۆمەڵگای کوردیدا، زیاتر ژنان خاوەنداری دەکەن و لە رێگای دەست و پەنجەکانیەوە پەرە بە کلتور و هونەری کۆمەڵگای کوردی دەدەن، لەو رێگایەشەوە بژێوی ژیانی خۆیان و خیزانەکانیان دابین دەکەن.
دایکە خانم، ژنێکی تەمەن ٦٦ ساڵە و خەڵکی شرناخ-ی باکوری کوردستانە و لە ئێستادا لە کەمپی شەهید رۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر نیشتەجێیە، ماوەی ١٠ ساڵیشە کاری هونەری دەستی دەکات.
دایکە خانم لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی هونەری دەستی و خولیای ئەو بۆ هونەرەکەی دەلێت: هۆکاری سەرقاڵبوونی من بە کار و هونەری دەستی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە مێژوو و کلتوری خۆمان بە زیندوێتی بهێڵینەوە.
دایکە خانم، وتیشی:" ئەم هونەرە زۆر بە واتایە، نابێ رێگا بدەین لەناوبچێت و هونەر و کلتوری خۆمان لەبیربکەین، دوژمن هەوڵدەدات کلتورەکەمان لەناوببات، بەڵام دەبێت دوژمن لە هەر لایەکەوە هێرش بکات، ژن و گەلی کورد پەرە بەو لایەنە بدەن و پێشی بخەن و تا پیلانی دوژمن پوچەڵ بکەنەوە".
دایکە خانم، باسی لەوەشکرد:" لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بەهۆی بێ دەرفەتی و بەهۆی ئەو دۆخەی کە ئێستا گەلی کورد پێیدا تێپەڕدەبێت، وە پەیدانەبوونی کەلوپەلی پێویست، ئەو کارەی کە دەتەوێ بەدڵی خۆت دروست نابێ، بەڵام ئەگەر دەرفەتی زیاترمان هەبوایە بۆ کارکردن و هاوکارمان هەبوایە، بێگومان کاری باشتر و رەنگینترمان دەکرد".
ئەو ژنە هونەرمەند و دەست رەنگینە، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی، کە ژنان زۆر بە کەمیهەوڵی فێربوونی ئەو هونەرە دەدەن و بە گرنگی زانی کە ژنان بایەخی زیاتر بە هونەری دەستی بدەن و کلتوری گەلەکەیان بپارێزن.
(ش ب)