لەیلا گوڤەن: تورکیا نایەوێت بەهیچ شێوەیەک دەنگی ئۆجالان بگاتە دەرەوە
09:47
ژنها
ئامەد - هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات "کەجەدە" ناڕەزایەتی توندی بەرامبەر بەردەوامی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە دەربڕی.
لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات کەجەدە، کە یەکێک بوو لە بەشدارانی مانگرتن لە خواردن بۆ ئازادی ئۆجالان، لە لێدوانێکدا بیروڕای خۆی لەسەر سیاسەتی گۆشەگیریی لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیاند، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە گۆشەگیری لە ساڵی ١٩٩٩وە لەسەر ئۆجالان بە سەختی پەیڕەودەکرێت و لەگەڵ کودەتای ١٥ی تەمموز دا، گەیشتە ئاستێکی نوێ و وتی: ئەوان لەکاتی کودەتاکەدا نەیانزانیوە کودەتاچیان لە ئیمرالی چیان کردووە، هەربۆیە لەپێناو زانینی هەواڵی ئۆجالان، کەوتنە چالاکیی مانگرتن لەخواردن.
لەیلا گوڤەن بەبیری دەهێنێتەوە کە لە رۆژی حەوتەمی مانگرتنەکەدا، محەمەد ئۆجالان چووە ئیمرالی و چاوی بە ئۆجالان کەوت. لەیلا گوڤەن دەڵێت: بەلام ئەو چاوپێکەوتنە مانای ئەوە نییە کە گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان لابراوە، پارێزەر و شاندی ئیمرالی و خانەوادەی ئۆجالان دەیانەوێت چاویان بە ئۆجالان بکەوێت، بەلام رێگەنادەن، ئەمەش مانای وایە گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان بەردەوامە و دەوڵەتی تورک نایەوێت ئۆجالان دەنگی بگات بەدەرەوە.
سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا هاوسەرۆکی کەجەدە ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزی و پشێوی لە تورکیا هەیەوە وتی: ئاکەپە جێگای شارەوانە کوردەکان کە بەدەنگی گەل هەڵبژێردران، بە کەسانی سەر بەخۆی دەگرێت و دەستگیریشیان دەکات، هەروەها چاپەمەنیی ئازاد بێدەنگ دەکات و دەیان کەناڵی میدیا دادەخات، هەروەها ئاکەپە ژنان دەکاتە ئامانج و بەهەزاران مامۆستا لەکارەکانیان دەردەکات. بەم رێگایەش ئاکەپە تورکیا بەرەو تاریکی دەبات.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا لەیلا گوڤەن سەرنجی راکێشایە سەر ئەو رەوشە نائاساییەی ئاکەپە دروستی کردووە و وتی: تورکیا وڵاتێکی فرە رەنگە و لە چەندین زمان و نەتەوە پێکدێت، بەڵام ئاکەپە دەیەوێت هەموو ئەو رەنگانە بکات بە یەک رەنگ و مافی هەموو ناسنامەکان پێشێل بکات، ئەمڕۆ دەبێت گەل بڕژێنە کۆڵانەکان و ناڕەزایەتی نیشان بدەن
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات "کەجەدە"بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرخۆدان مافی رەوای کوردە، دەستنیشانی کرد، کە بۆ وەستانەوە لە دژی سیاسەتی دەستگیرکرتن و بێدەنگ کردنی میدیاکان لەلایەن ئاکەپەوە، پێویستە گەل یەک بێت و وتی: پێویستە گەل بەرخۆدانێکی یەکگرتوانە بەڕێوەببات.
(ش ب)