ژنانی ڕۆژئاوا بەرەو ئابوری سەربەخۆ
09:52
ڕۆنیدا حاجی/ ژنها
تل تەمەر - دوا بە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان لە زۆر بواری ئابوری سەربەخۆ خۆیان بەڕێکخستن کردوە، هەر یەک لە بەدیعە، ڕوەیدا و ڕۆژین رادەگەیەنن "لەگەڵ ئیرادەی خۆمان دەبین".
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان لە زۆر بوارەوە خۆیان بە ڕێکخستن کردوە، یەکێک لەو بەشانەش ئابوریە، ئابوری تایبەت بە ژن یان بە واتای ئابوری سەربەخۆ، لە شارۆچکەی تل تەمەری سەر بە کانتۆنی جزیرەی ژنان باس لە گرنگی ئابوری ژن دەکەن لەناو شۆڕشی ڕۆژئاوا دا.
بەدیعە یەکێک لەو ژنانەیە کە ساڵی ڕابردوو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دوکانێکی کردۆتەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێمەی ژنان لەگەڵ بەرپا بوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا هەلێکی زێڕینمان بۆ ڕەخسا، وەک ژنان توانیمان لەماوەیەکی کورت خاوەنداری لە ڕەنجی خۆمان بکەین. لەمڕۆ بەدواوەش کار بۆ ئەوە دەکەین کە بە ئیرادەی خۆمان لەسەر قاچی خۆمان بوەستین."
لای خۆشیەوە ڕێوان ڕەمەزان، یەکێک لەو ژنانەی بۆتە خاوەن ئابوری سەربەخۆ، وتی: "ماوەی ساڵێکە فرۆشگام کردۆتەوە، ئێمەی ژنان بێ ئەوەی پشت بەکەسانێک ببەستین دەتوانین، ببینە خاوەن ئابوری خۆمان، ئەو دەرفەتەش لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەخساوە، هەمیشە ئابوری کراوە بە موڵکی پیاوان یان بە پیاوە وە لکێندراوە، بەڵام ئێستا بە ئیرادەی خۆمان دەتوانین لە هەموو بەشەکانی ژیان وەک خۆمان بژین."
هەروەها ڕۆژین ئیسماعیل ژنێکیتری ئەو شارۆچکەیەیە کە توانیویەتی ببێتە خاوەن ئابوری تایبەت و بەرگدروخانەیەی کردۆتەوە، ڕۆژین بەو شێوەیە باسی لە گرنگی کارەکەی کرد: "هەم بۆ ژنانی کورد هەم ژنانی عەرەب جلوبەرگ دەدورم، پێویستیەکانیشم لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە دەستەبەر دەکەم. ماوەی دە ساڵە بە بەرگدوری خەریکم و لەو پیشەیەشدا ئەزمونی باشم بەدەستهێناوە، بە گوێرەی من ژنان بە کارکردن پێشدەکەون، هەر بۆیە حەتمەن دەبێت ژنان لە یەکێک لە بوارەکاندا کار بکەن و شوێن دەستی خۆیان دیار بکەن."
(ش ب)