"هەزار ساڵیش بەسەر بچێت، بەرخۆدانی سور لە یاد ناکرێت"
10:05
ژنها
ئامەد – بە هۆی بەردەوامی باری نائاسایی لە ناوچەی سوری ئامەد لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، وێرانکردنی ئەو ناوچەیە بەردەوامە، ڕەمزیە دورۆک کە ماڵی خۆی تەرک نەکرد، ڕادەگەیەنێت: دەوڵەتی تورکیا بە وێرانکاری دەیەوێت بەرخۆدانمان ون بکات، بەڵام هەزار ساڵیش بەسەر بچێت، ناتوانن شوێنەواری ئەو بەرخۆدانە بسڕنەوە.
لە هەریەک لە گەڕەکەکانی جەمال، یەڵماز، فاتح پاشا، حەسیری و ساڤاشچی لە ناوچەی سوری ئامەدی باکوری کوردستان، بە هۆی بەردەوامی بڕیاری نائاسایی وێرانکاریەکانی سەر ئەو ناوچەیە بەردەوامە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.
یەکێک لەو ژنانەی کە تا دواین ساتی بەرخۆدانی سور لە ماڵی خۆی مایەوە ڕەمزیە دۆروکی ٦٤ ساڵانە، لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی: "لە کاتی بەرخۆدانە بەشکۆکەی سور، توانیم خاوەنداری لەماڵەکەم و بەرخۆدانی بکەم، سەرەڕای هەموو هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەت ماڵی خۆم مامەوە، هەر شوێنێک شەڕ و پێکدادان بوو، بەڵام جگەلە سور شوێنێکترم شک نەبرد."
ڕەمزیە ئاماژەی بەوەشدا کە لەماوەی هەموو تەمەنی خۆیدا سەردەمێکی بەو شێوەیەی نەبینەوە و وتیشی" :بەهەزاران کەس لێرە بوون، هەموویان بەچاوی خۆیان بینیان، هەرچەند ئێستا هەوڵ دەدەن شوێنەواری بەرخۆدان بسڕنەوە، دڵنیام هەزار ساڵیش بەسەری دا تێپەڕ ببێت بەرخۆدان لە یاد ناچێت، کێ دەتوانێت ئەو هەموو گەنجانە لە یاد بکات."
(ش ب)