"داخستنی نەورۆزتیڤی بڕیارێکی سیاسیە"
14:31
ژنها
ناوەندی هەواڵ- زەینەب موراد پێشەکەشکاری کەناڵی نەورۆز تیڤی ڕادەگەیەنێت: بڕیاری داخستنی نەورۆز تیڤی لەلایەن کۆمپانیای یوتلسات، بڕیارێکی سیاسیە.
کۆمپانیای یوتەلساتی فەرەنسی دوای داخستنی تەلەفزیۆنی مەد نوچە لەسەر مانگی دەسکردی هۆتبێرد، بڕیاری داخستنی نەورۆزتیڤی-یشی لەسەر هۆتبێرد دا.
لەو بارەیەوە زەینەب موراد، پێشکەشکاری کەناڵی نەورۆز تیڤی ڕایگەیاند: "نەورۆز تیڤی تەلەفزیۆنی گەلی کوردە لە هەر چواربەشی کوردستان، نەورۆز تیڤی لەماوەی پەخشی خۆیدا توانی وەک تەلەفزیۆنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ڕۆڵی خۆی بگێرێت لە پیشاندانی دەنگ و ڕەنگی سەرجەم کۆمەڵگاکاندا."
ناوبراو وتیشی: "نەورۆز تیڤی گرنگی بە بارودۆخی کۆمەڵگا بە گشتی و بەتایبەتیش ژنان دەدات، هەر بۆیە چەندین بەرنامەی بۆ ژنان تەرخان کردوە."
زەینەب مورادی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک ستافی نەورۆز تیڤی بەو پەڕی توانای خۆیان بەردەوام دەبن لە گەیاندنی ڕاستیەکان."
لەمەودوا نەورۆزتیڤی تەنها لە نایلسات پەخشی خۆی دەکات، لە لێدوانێکیشدا نەورۆز تیڤی ڕایدەگەیەنێت، دوێنێ ئێوارە ناوەندی گشتی سەرپەرەشتیاری رادیۆو تەلەڤزیونەکان ناسراو بە "یوتەلسات" کە لە وڵاتی فەرەنسایە، بڕیاری داخستی نەورۆز تیڤی دەرکردووە.
نەورۆز تیڤی ئاشکرایکرد، بەپێی ئاگادارکردنەوەی وەشانی تەلەڤزیون لە سەر مانگی دەستکردی هۆدتبێرد، کەناڵەکە تا سبەی دووشەممە ١٠ی ئۆکتۆبەر، پەخشی بەردەوام دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دژی داخستنی کەناڵی مەد نوچە لەلایەن هەمان کۆمپانیای پەخشەوە، لەچەندین وڵاتی ناوخۆ و دەرەوە چالاکی جۆراو جۆر بەڕێوەچووەو بەردەوامیشە.
نەورۆز تیڤی، لە ٢١ی ئاداری ساڵی ٢٠٠٧ لە وڵاتی سوید دامەزرێندراوەو لە ئێستادا بە فرکیۆنسی ١١٣٥٤ - سیمبولرایت ٢٧٥٠٠، لە نایلسات پەخش دەکات.
(ش ب)