هەر ڕۆژ بە خەیاڵی بینینی هێلین لە خەو هەڵدەستێت

10:00

مەدینە محەمەد ئۆغلو / ژنها

ئامەد - ساڵێک بەسەر مەرگی ناوادەی هێلینی ١٣ ساڵان تێدەپەڕێت، کە لەسەروبەندی باری نائاسایی لە سور درایە بەردەستڕێژی گولـلە، کە چی هێشتا بەدواداچوونێکی بۆ نەکراوە، دایکیشی ڕادەگەیەنێت، دەمەوێت بەر لەوەی بمرم بکوژانی کچەکەم بەسزای خۆیان بگەیەندرێن.

ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەی سوری سەر بە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، هێلین حەسرەتی ١٣ ساڵان لەلایەن هێزەکانی دەوەڵەتی تورکیاوە درایە بەردەستڕێژی گولـلە، بە گوێرەی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە هێلین لەسەری خۆی بە ئامانج گیراوە. هاوکات ئاماژەش بەوە دەکەن کە هیچ شەڕوپێکدادانێک لەو ڕۆژە ڕووی نەداوە.

نازیمە حەسرەت، دایکی هێلین لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کچەکەی رایگەیاند کە ئەو هێشتاش باوەڕناکات کچەکەی ناگەڕێتەوە، وتیشی: "کچەکەم چووە دەردەوە بۆ ئەوەی نانی بەیانی بێنێت، هیچ شەڕ و پێکدادانێک نەبوو، هەرچەند ماوەیەکی درێژ بەسەر ئەو ڕووداوە تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتاش لێپرسینەوە دەستی پێنەکردوە، هەرچەند هیوامان بە هیچ دەزگایەک نەماوە، بەڵام لێیان خۆش نابین."

دایکی هێلین هەمان ئەو جلەی پۆشی بوو کە ئەو ڕۆژەی کچەکەی شەهید دەبێت، ئەو بە حەسرەتی بینینی کچەکەی هەموو بەیانیەک بە هەمان خەیاڵ لە خەو هەڵدەستێت. ئاماژەش بەوەدەدات، کا تا دواین ڕۆژی ژیانی خۆی ئەو لە چکەی لەسەر دەبێت و ماتەم لە ماڵی کۆتایی نایەت."

نازیمە بڕیاریداوە ناوی هێلین لەو کچەی بنێت کە لەدایک دەبێت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت تاوانباران سزا بدرێن و وتیشی: "بەرلەوەی بمرم داوایەکم هەیە ئەویش ئەوەیە کە بکوژانی کچەکەم بە سزایی خۆیان بگەیەندرێن."

(ش ب)