لە سورەیای ئێرانیەوە، تا زەهرای منبج ژنان سەریان دانانەوێنن
11:39
بنەوش ساریا / ژنها
منبج - لەکاتی داگیرکردنیەوە لەلایەن چەتەکانی داعش، مەیدانی ڕەبە ئەمنی شوێنی کوشتن و سزادانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە، لەوێ ئەو ژنەی کە ناوی (زەهرا ئێجێلۆ)بوو، سەری لەبەرامبەر چەتەکاندا نەنەواند. لەوچاڵەی زەهرای تێیدا ڕەجمکرا، درەختێک ڕوا ، خەڵک باوەڕی وایە کە ڕۆحی زەهرایە و ئەوکەسانەی کە کوژراون، لەو درەختەدا دەژین.
شاری منبج کە دووساڵ و نیو لەژێرداگیرکاری چەتەکاندابوو، گەلێک ڕووداو و بەسەرهاتی نامرۆڤانەی بەخۆوە بینی .ئێستاش کە لەنێو کۆڵانەکان شاردا بگەڕێین، شوێنەواری ئەو ڕووداوانە دەبینین، هەمو گۆڕەپانەکان و شوێنەمەزنەکانی شار ببونە شوێنی سەربڕین و کاری نامرۆڤانە.
ئێستاش کە دانیشتوانی شار باسی ئەو بەسەرهاتانە دەکەن، مرۆڤ لەچاویاندا ترسێکی زۆر بەدی دەکات، لەنێو چیرۆکی سەدان ژن و منداڵ و کەسانی بێ سوچدا، چیرۆکی زەهرا شوێنێکی تایبەت دەگرێ.
مێژوو دوای ٣٠ ساڵ خۆی دووبارە دەکاتەوە
چیرۆکی زەهرای منبج و سورەیای ئێرانی هەرچەندە ساڵانێکی زۆریان کەوتۆتە نێوان، بەڵام بەهەمان شێوەو زهنییەت لەژێرناوی دین و شەریعەتدا پێکهاتوون.
سورەییا کەلەگوندێکی ڕۆژئاوای ئێران سەر بە شاری کەرەج لەساڵی ١٩٥١ لە دایک بووە و لەساڵی ١٩٨٦دا بە بەرد ڕەجم دەکرێ واتا(سەنگ سار)، سورەیا بە فێڵبازی مێردەکەی و مەلای گوند وشاهیدێکی درۆزن، دەبێتە قوربانی بێ ئەخلاقی هاوژینەکەی!، سورەیا لەمەیدانی گوند و بەئامادەبونی دانیشتوانی گوند ڕەجم دەکرێ.
بۆئەوەی بەسەرهاتی سورەیا ون نەبێت، پورەکەی ئەو بەسەرهاتەکە بە ڕۆژنامەوانەکان دەنووسێتەوە و بەگوێی جیهانیدا دەدات.
پاش ٣٠ ساڵ هەمان شت بەسەر زەهرا ئیجێلۆدا هات، زەهرا ژنێکی عەڕەب بوو، خەڵکی منبج بوو، لە ١٢ی شوباتی ساڵی ١٩٧٤ لە دایک بووە، لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٤ بە بڕیاری چەتەکان لە مەیدانی (ڕەبە ئەمنی) بەبەرچاوی خەڵکی شارەوە بە بەرد ڕەجم کرا.
خوشکەکەی کە نەیویست ناوی ئاشکراببێ، بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
خوشکی زەهرا بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوەبەم شێوەیە باسی زهرای کرد: زەهرا لەمنداڵییەوە زیرەک و ژیربوو، ئێمە منداڵی و گەنجیمان لەگەڵ یەکتردا تێپەڕی، دوای ئەوەی کە زەهرا گەورەبوو، خوێندنەکەی بەسەرکەوتووی تەواوکرد، کە بەشی تەندروستی بوو، دوای ئەوە لە منبج دەستی بەکارەکانی کرد، دوای هاوسەرگیریش دەست بەرداری کارەکەی نەبوو، ئەو لەناو شار و هاوسەرەکەیشی لەدەرەوەی شاردا کاری دەکرد، دواتر لەیەکتر جیابوونەوە، زەهرا بەهێز و باوەڕبەخۆبو بوو، بەتەنیا و بەئیرادەی خۆی دەژیا، تا هاتنی چەتەکان ئێمە ژیانێکی زۆرخۆش دەژیاین، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئەواندا ژیان لێرە بو بە دۆزەخ. ژیان لەئێمەی ژن بەهەموو شێوەیەک قەدەغەکرا، چونەدەرەوە لەماڵ، سواربوونی پاسکیل و سواربوون لەپێشەوەی ئۆتۆمبێڵ، زۆرشتی تریش قەدەغە کران.
ئێمە ٦مانگ بە گیراوی ماینەوە
خوشکی زەهرا ئاماژەی بەوەدا کە سەرباری هەموو گوشار و توندییەکانی چەتەکان، زەهرا دەستبەرداری کارەکەی نەبوو، هەرچەندە هەمووکات بەدوای بەهانە و بیانوودا دەگەڕان بۆی، ڕۆژێک چەتەکان هاتن و زەڕایان لەماڵەوە برد و گووتیان کەوا چەک لەماڵەکەی ئەودا گیراوە، بەو بیانووە ئەویان برد، دواتر منیشیان گرت، دوای سێ ڕۆژ پیاوێکی نامۆیان هێنا، گوایە ئەو و زەهرا تێکەڵییان هەبوە، کە ئێمە ئەوپیاوەمان قەت هەر نەشبینی بوو، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری گرتنەکەی تەنها بەردەوامبوون بوو لەکارەکەیدا.
گرتوخانە بۆ ژنانی شنگال دۆزەخبوو
لە گرتوخانەکەدا ئیمە ژنانی موسڵمان ژمارەمان ١٨ ژن و ژنانی ئێزیدیش ١٠ ژن بوون، ئەوژنانەیان لە شنگالەوە هێنابوو، یەک لەو ژنانە دووگیان بوو، دەم و چاوی ئێمەیان بە چارشێوی ڕەش داپۆشیبوو، بەڵام هی ژنانی ئێزیدی نا، هەموو ڕۆژێک ئەمیرەکان دەهاتن و ژنەئێزیدییەکانیان ڕیز دەکرد و یەکێکیان بۆخۆیان هەڵدەبژارد و دەیانبردن بۆ دەستدرێژی کردنە سەر، چەتەکان لەگەڵ ژنانی ئێزیدی دا هەمووکارێکی لەدەرەوەی ئەخلاقیان دەکرد، ئەوان هەمیشە خۆزگەیان بەمردن دەخواست، بەهۆی ئەوڕەوشەی لەگەڵ چەتەکان تێیکەوتبوون، ئەوژنەی کەوا دووگیان بوو، ئەوڕۆژەی کە زەهرایان برد بۆ ڕەجمکردن، منداڵەکەی هێنا دنیا و ناوی نا (زەهرا)، بۆئەوەی کچە ئێزیدیەکان دووگیان نەبن دەرمانی دژە سکپڕییان دەدانێ، کاتێکیش ویستیان دەستدێژی بکەنە سەرئەوژنەی کە بوبوو بە دایک، ئەو لە تەسلیمیان نەبوو و ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا، دواتر لەنەخۆشخانە یەکترمان بینییەوە.
لەوشوێنەی کە زەهرای لێ بەردباران کرا، درەختێک ڕوا
خوشکی زەهرا وتی: زەهرا لەگرتوخانەش سەری بۆچەتەکان دانەنەواند، کاتێ قازی پێی گوت: تۆ زینات کردووە، ئەوگوتی: من زینام نەکردووە و خوداش ئەوە دەزانێ کە من بێ گوناحم، بەڵام ڕۆژێک دێت کە ئێوە لەئاگری بێ گوناحی مندا بسوتێن، قازی چەتەکان کاتێ سەرکێشییەکانی زەهرای بینی بڕیاری بەردبارانکردنی دا.
ناوبراو وتیشی: کاتێ زەهرایان برد ئەو ماڵئاوایی لێ کردم و هاتە لام پێی وتم: تۆش و خوداش دەزانن کە من بێ گوناحم، من دەڕۆم، بەڵام تۆ بەهێزبە و ئاگاداری خۆتبە، ئەو و ئەو پیاوە نەمۆیەش کە بانگەشە دەکرا پەیوەندی لەگەڵ زەهرا هەبوبێ، بردیانن بۆ شوێنی ڕەجمکردن، کە پێشتر شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل بوو، چەتەکان خەڵکیان بانگهێشتی ئەوێ کردبوو، بەبەرچاوی ئەوانەوە چەتەکان دەست دەکەن بە ڕەجمکرنی زەهرا و پیاوەکە، پیاوەکە بەسێ بەرد دەمرێ، بەڵا زەهرا نا، چەندەبەبەرد لێی دەدەن ئەو بەرخۆدان دەکات، کاتێ چەتەکان دەبینن کە زەهرانامرێ،بەگوللەدەیکوژن، نیوەی تەرمەکەی دەبەن بۆ گۆڕستان و نیوەی تری لەوێ دەهێڵنەوە.
خوشکی زەهرا دووپاتی کردەوە کە هەموو ڕۆژانی هەینی، چەتەکان لەو مەیدانەدا خەڵکیان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە دەکوشت و ئەشکەنجە دەکرد.
لە کۆتایشدا ئەو خوشکەی زەهرای ڕەجم کراو وتی: ئەو ڕۆژەی زەهرایان کوشت بارانێکی زۆربەخوڕ و ئێگجار دژوار دەباری، بەجۆرێک کە دەتوت ڕەنگە ئاسمان بێتە خوارەوە، سێ ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە لەهەمان شوێن، شەتڵە درەختێک ڕوا، ئیتر خەڵکەکە باوەڕیان کرد، کە زەهرا بێ گوناح بوو، زەهرا ڕۆیشت،بەڵام ئەم شارەبۆچەتەکان نەمایەوە و ئێستا ئێمە
بە ئازادی لە شارەکەمان دەژین، زۆر دڵحۆشین بە هاتنی ئەنجومەنی سەربازی منبج و هیوادارین هەموو کەسێک هاواری زەهرا ببیسێ .
(ش ب)