لێبوردەی نێونەتەوەیی لە سەر لە سێدارەدانی ژنێک لە ئێران هۆشداری دەدات

12:52

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، سەبارەت جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ژنێکی بەندکراو لە ئێران کە بڕیار وایە لە ڕۆژانی داهاتوو دا لە سێدارە بدرێ، بە لێدوانێک هۆشیاری دەداتە ئێران.

لێبوردنی نێونەتەوەیی بە لێدوانێک کە بەو بۆنەیە لە ڕۆژێ شەممە ٧ ئۆکتۆبر بڵاوی کردۆتەوە، باسی لەوە کردووە کە "زەینەب سکانوند" بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی لە تەمەنی ١٧ ساڵ سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا تەمەنی ٢٢ ساڵە.

زەینەب سکانوند، بەرلەوەی هاوژینەکەی بکوژێت، نیشتەجێی پارێزگای ورمێ بووە. زەینەب لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوەە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و لە دادگادا باسی ئەوەی کردبوو کە هاوژینەکەی، ماوەکی زۆر بەشێوەی زارەکەی و هەروەها جەستەییش ئازار و ئەشکەنجەی داوە و تەنانەت رازی نەبووە کە لە یەک جیا ببنەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردووە بۆ ئەوەی کە دان بە کوشتنی هاوژینکەیدا بێنێ بۆ ماوەی ٢٩ ڕۆژ لە لایەن هێزەکانی ئەمنی و پۆلیس لێی دراوە. بە هۆی ئەوەی کە زەینەب لە ناو زیندان لەگەل زیندانیەکی تر هاوسەرگیری کردبوو دووگیان ببوو. سزای سێدارەی زەینەب دواخرابوو، بەڵام منداڵەکەی بە مردووی لەدایک دەبێت.

ڕێژەی سێدارە لە ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە و هەمووکات ئەو وڵاتە تووشی ڕەخنەی ناوەند و ڕێخراوە نێونەتەوەیەکان بۆتەوە. هەروەها ئێران ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵ سزای سێدارەیان بەسەر دا سەپێندراوە دوای گەییشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵ لە سێدارە دەدا.

بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، تەمەنی سزا دادوەریەکان بۆ پیاو ١٥ ساڵ و بۆ ژن ٩ ساڵە. پەیماننامە نێونەتەوەیەکان وەک پەیماننامەی مافی منداڵ مافی منداڵان، تەمەنی سزا دادوەریەکان بە بێ جیاوازی ڕەگەزی ١٨ ساڵ دەزانێ. ئێران بە پێی مەرج ئەو پەیماننامەی مافی منداڵی پەسەند کردووە.

(ش ب)