لەیلا ئەحمەد: لە دەڤەری گەرمیان بەدەیان منداڵ لەسەر جێگە کەوتن

10:15

ژنها

کەلار - لەیلا محەمەد ئەندامی رێکخراوی وادی بۆ هاوکاری ژنان و منداڵان، ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەڤەری گەرمیان بەدەیان منداڵ هەن کە پێویستیان بە هاوکاری بە پەلە هەیە.

ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی کە لە هەرێمی کوردستان چالاکن زیاتر لە سەر مافەکانی ژنان منداڵان کار دەکەن، لە دەڤەری گەرمیان دەستیان کردوە بە بەدواداچوون و ئامار وەرگرتن لەسەر دۆخی منداڵان.

لەیلا ئەحمەد ئەندامی رێکخراوەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا و وتی: "وەک کۆمیتە سەردانی چەند گوندێکمان کرد لەو دەڤەرە، ئامانجیشمان لە نزیکەوە ئاگادار بوون بوو لە دۆخی منداڵان، بۆ ئەوەش چاومان بە چەندین منداڵی نەخۆش کەوت کە نەخۆشیەکانیان لەیەکتری جیاواز بوون وەک تالاسیمیا، شەکرە، ئیفلیجی مێشک و هەندێکیشیان خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵام بە هۆی نەبوونی بنکەی تەندروستی لە لادێکان و دوور بوونیان لە شارەکانەوە نەیانتوانیوە چارەسەری پێویست وەربگرن. خانەوادەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بە هۆی قەیرانی ئابوریەوە نەتوانراوە بەردەوامی بە چارەسەری منداڵەکانیان بدەن و ژمارەیەک لەو منداڵانەش پێویستیان بە هاوکاری خێرایە، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر جێگەن. "

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە تا ئێستا هیچ ڕێکخراو و دەزگایەکی حکومەتی هەرێم هاوکاری ئەو منداڵانەی نەکردوە.

لە بەردەوامی قسەکانیدا لەیلا ئەحمەد وتی: "زیاتر خەباتەکانمان لە چوارچێوەی بەدواداچوون، ئامار وەرگرتن و سەردان کردندایە، تا ئێستاش ناوی ٤٩ منداڵمان تۆمار کردوە لە گوندەکانی کەلار و دەوروبەری.

ناوبراو لە کۆتایشیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە ئەوان لە مانگی شوبات وەک هەڵمەتێک دەستیان کردوە بەو کارەو لە ئایندەش بەردەوام دەبن.

(ش ب)