کۆنگرەی ژنانی ئازاد: تەنها ژنان دەتوانن سزای لەسێدارەدانی زەینەب بوەستێنن
14:49
ژنها
ئامەد - کۆنگرەی ژنانی ئازاد(KJA) بە لێدوانێک ڕایگەیاند، ژنان دەتوانن ببنە بەر بەست لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی زەینەبی سوکانوەند.
زەینەبی سوکانوەند، ژنێکی گەنجی کوردەو بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی بەسێدارە سزادراوە، لە ئێستادا مەترسی ئەنجامدانی سزاکەی لەسەرە. کۆنگرەی ژنانی ئازاد لە شاری ئامەد ئەمڕۆ لەو بارەیەوە لێدوانێکی ڕاگەیاند.
لە لێدوانەکەدا هاتوە: "وەک هێزی ژنان کە هەمیشە دژ بە توندوتیژی سەر ژنان تێکۆشانمان بە بنەما گرتوە، دوژمانەیەتی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە ژنان ئیدانە دەکەین و رادەگەیەنین کۆتایی بەو دوژمانکاریەی بەرامبەر ژنان بێنێت."
لە بەردەوامی لێدوانەکەی کۆنگرەی ژنانی ئازاد دا ڕاگەیاندراوە: "ڕژێمی ئێران کە لە جیهاندا وەک ڕژێمی سێدارە ناسراوە، لەلایەک بە لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی و لە لایەکیترەوە بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بەردەوامی بە کردەوە نامرۆڤانەیەکانی دەدات. ژنان بە هۆی یاسای نادادوەری ڕژێمی ئێران، ڕۆژانە ڕووبەڕووی لە سێدارەدان، ڕەجم، تیزاپ پژراندن و جۆرەها شێوازی توندوتیژی دەبنەوە. نمونەی یەکێک لەو ژنانە زەینەبی سوکانوەندە، بە هۆی ئەوەی هاوژینەکەی توندوتیژی بەرامبەر بەکاردێنێت، ئەویش ناچار دەبێت بیکوژێت، بەو هۆیەشەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ بڕدراوەتەوە. زەینەب ئێستا لە سەروبەندی جێبەجێکردنی سزاکەیدایە و دواین ساتەکانی ژیانی دەژمێرێت."
کۆنگرەی ژنانی ئازاد، ئاماژەی بەوە داوە کە زەینەب لە ١٧ ساڵەی خۆی بە لە سێدارەدان سزادراوە، هەروەها بانگەوازی دەکات کە سزای لە سێدارەدانی زەینەب بوەستێنرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەی کۆنگرەی ژنانی ئازاد دا هاتوە: "بانگەوازی لە هەموو ژنان دەکەین دژ بە جێبەجێکردنی سزای زەینەب بێدەنگ نەبن، ئێمەش وەک کۆنگرەی ژنانی ئازاد بە برەو دان بە تێکۆشانی خۆمان بۆ ئازادی ژنان، دەبین بە وەڵامدەرەوەی هەموو هێرشەکانی سەر ژنان."
زەینەبی سوکانوەند، لەساڵی ١٩٩٤دا لەدایکبووە لە ساڵی ٢٠١١، واتە لەتەمەنی ١٧ساڵاندا بەتۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستگیرکراوە، زەینەب لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووەو بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە خێزانەکەی، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە توندوتیژی زۆری بەرامبەر کراوە.
(ش ب)