ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش تێکۆشانی ژیان دەکەن
11:35
ڕوکەن تونجەل / ژنها
ڕوحا – بەدیعە، فاتمە و سەباح ئەو سێ ژنەن کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش ڕایانکردوە و گەیشتنە ڕووحای باکوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسەکەماندا رادەگەیەنن داعش دوژمنی ژنە، ئێستا ڕزگارمان بوو لە داعش، بەڵام ئەگەری هەیە لێرە لە برسان بمرین.
بەر لە دوو مانگ داعش هێرش دەکاتە سەر گوندی سالحیەی سەر بە شاری دێرەزووری سوریایە، حەوت خانەوادە کە لە ٣٧ ئەندام پێکدێن و خەڵکی ئەو گوندەن ڕادەکەن، دوای ژیانێکی سەخت ئێستا لە گەڕەکی بچاکچیلاری شاری ڕووحای باکوری کوردستان تێکۆشانی ژیان دەکەن.
ئەو حەوت خانەوادەیە لە خانوێک دەژین، کە تەنها لە ٣ ژوور پێکدێت، کرێی ئەو خانوە ٩٠٠ لیرەی تورکیە، چونکە جگەلە عەرەبی زمانێکیتر نازانن کارێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەو سێ ژنەی لەو خانەوادەیە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد، دەیانەوێت هەرچی زووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئەو ژنانە باس لەوە دەکەن کە بارودۆخی ژیانیان زۆر ناهەموارە، هیچ کارێکیش نیە بیکەن بۆیە دەڵێن گەر نەگەڕێینەوە وارگەی خۆمان ئەوا لە برسان دەمرین.
بەدیعە لەوبارەیەوە وتی: "هاوژین و کوڕەکەم لەلایەن داعش بە دڕندەترین شێوە کوژران، داعش دوژمنی سەرەکی ژنە، دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر دێرەزوور، ئیتر ژنان نەیانتوانی لەماڵ دەرچن، ئێمەیان خستبووە ناو چارشێو و بەجارێک ڕەشپۆشیان کردین."
بەدیعە ئاماژەی بەوەد ئەگەر ژنێک دەموچاوی دیارکەوتبایە، ئەوا بە قورسترین سزا مەحکوم دەکرا، پاشان لە گرتوخانەش ئەشکەنجەیان دەکرد. گوندەکەمان زۆر بچوک بوو، بەڵام لە ناوەڕاستی گوندەکەماندا داعش قەسابخانەیەکی دروست کردبوو، هەر بۆیە تەنها ماوەی مانگێک توانیامان بەرگەی ئەو زوڵمە بگرین و ڕێگای ڕاکردنمان دۆزیەوە."
فاتمە ئەلحەلال، ژنێکیترە و بەو شێوەیە بۆ ئاژانسەکەمان دوا: "داعش ژیانی لێکردبووین بە دۆزەخ، گەر رامان نەکردبایە، بێگومان هەموومانی دەکوشت، هاوژینەکەمیان لە برد، چونکە زەکاتمان نەدابوو، ئەوانەی دەوڵەمەند بوون خۆیان بە پارە ڕزگار دەکرد، بەڵام ئێمەی هەژار قوربانی بووین."
سەباح ئەل حەلال، یەکێک لەو ژنانەیەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ژیانی خۆیان ڕزگار کرد، بەڵام هەلومەرجی ئیستا تێیدا دەژین، دیسان ژیانیان دەخاتە ژێر مەترسی و وتیشی: "چەندین جار سەردانی ڕێکخراوی کۆچبەرانمان کردوە تا ئێستا هیچیان بۆ نەکردووین. منداڵەکانمان ئیتر گەورە نابن، سەیری ئەو منداڵانەم بکەن، ٣ ساڵان وەک ١ ساڵی دیاردەکەوێت."
(ش ب)