پارێزەری زەینەب جەلالیان: دەستکاری ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەکەی کراوە

09:38

ژنها

ناوەندی هەواڵ – کاربەدەستانی گرتوخانە بە زەینەب جەلالیان ڕاگەیاندوە، گەر ئامادەنەبێت بۆ ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی ئەوا ڕێگە نادرێت چاوی بەکەسوکاری بکەوێت. پارێزەرەکەشی ڕادەگەیەنێت، کە ئەو ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەی پێشتر بڵاوکرایەوە بە بێ ئاگاداری ئەوان ئەنجامدراوە و پاشانیش و دەستکاری کراوە.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران گوشاری خستۆتە سەر زەینەب جەلالیان گیراوی سیاسی کورد کە دەبێ لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئامادەبێت بۆ دان پێدانان، ئەگەر ناوبراو ئامادە نەبێت بۆدان پێدانانی تەلەفزیۆنی لەپێدانی مۆڵەتی پشوو بێ بەری دەکرێت.

زەینەب جەلالیان کە ماوەی نۆ ساڵە لە گرتوخانەدایە، بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی ڕیخۆڵە وچاو(ناخونەکی چاو)ئازار دەچێژێ،سەرەڕای ئەوەی نەخۆشینەکەی ڕوو مەترسی هەیە، ناوبراو ئەم نۆساڵەی گرتوخانەی بەبێ مۆڵەتی بینینی کەسوکاری تێپەڕاندووە وسەرەڕای نالەباری دۆخی تەندروستی و مەترسی لەدەستدانی چاوەکانی هەڕەشەی لێدەکات.

ئەمیرسالاری داوودی، پارێزەری ئەم گیراوە سیاسییە بەکەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە: "بەردەوام هەڕەشە لە زەینەب جەلالیان دەکرێت و بەداخەوە جەختی لەسەر دەکەن کە ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی ئەنجام بدات.

داودی ئاماژە بەو گرتە ڤیدیۆیەش دەکات کە لە ٢٠ی مانگی گوڵانی ئەمساڵدا لە کەناڵی پارێزگای ورمێ ولەژێر ناوی "سێبەری تیرۆریزم" بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت: "تەنانەت منیش تێناگەم کە بۆچی دەبێ زەینەب لە تیڤی بدوێت؟ تەنانەت جارێک بەشێوەیەکی نهێنی گفتوگۆیەکیان لەگەڵ کردبوو بە جۆرێک لە جۆرەکانی ئەویان پیشاندا لە تیڤیەکان، پاشان زەینەب بۆخۆی تێدەگات کەخەریکن فلیمی لێ هەڵدەگرن وکامێرای لەسەرە.پاشان هەرئەو فلیمەیان دەستکاری کردبوو و بەشێکیان لێدەرهێنابوو، کە کارێکی ناجوامێرانە بوو. تەنانەت پرۆگرامێکی دیکۆمێنتارییان بڵاو کردبوویەو لەبەرامبەر ناوبراو وتبوویان تیرۆریستە. من دژکردەوەم نواند لەسەر داواکاری زەینەب کەزۆر پێی ئاڵۆز ودڵگران ببوو و لەو دەگمەن جارانەی بوو کە زەینەب داوای لێکردم بێمە نێو گەمەکەوە. منیش داوام کرد کەناوبراو چالاکێکی کلتووری، مەودەنییە وتەنیا مۆڕکێ کە پێوەی نالکێ تیرۆریست بوونە وهەروەها کە دەڵێن چەکمان لێ گرتووە درۆیەکی حاشاهەڵنەگرە ودواتر لە ڕاپۆڕتی دامەزراوەی ئەمنی ئەم بابەت بەرپەرچ درایەوە کە لەکاتی دەستبەسەرکردنێدا چەکی پێ نەبووە.

ناوبراو لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا کە لە لایەن چ کەسانێک وکام دامەزراوەوە گوشار دەخرێتە سەر زەینەب، وتویە: "بەگشتی ئەتوانم بڵێم دڵنیام هەم وەزارەتی ئیتلاعات وهەمیش سوپا، واتا هەردوو ڕەوتی ئەمنی سەردان دەکەن وئەم سەردان وگوشارانە دەری دەخەن کە پرسەکەیان لەگەڵ زەینەب جەلالیان پرسێکی بان ڕەوتییە واتا پەیوەندی بەڕەوتێکی ناو حکوومەتەوە نییە. بەگشتی زەینەب جەلالیان لەڕوانگەی دەسەڵاتەوە مەترسیدرە وناوبراو وەکو تیرۆریست وئەندامی پەژاک لەڕوانگەی خۆیانەوە سەیر دەکەن و واتێدەگەن کەلە دەرەوەی زیندان بوونی دەتوانی مەترسی ساز بێت بۆیان،هەربۆیە تەنانەت ڕۆژێکیش پشوویان پێ نەداوە."

بەگوێرەی ئەو پارێزەرە، ڕوانینی بەرپرسانی ئەمنی ئێران بۆ زەینەب جەلالیان لەسۆنگەیەکی ئەمنییەوەیە.هەروەها جەختیش دەکاتەوە:"پرسەکە لەوەدایە کە ڕوانینیان بۆ زەینەب جەلالیان ڕوانینێکی ئەمنییەو وابیر دەکەنەوە تادەتوانن وپێویستە پوانی لێ وەربگرن و وا بیردەکەنەوە تادەتوانن وپێیان دەکرێت بەتێڕامانی خۆیان بێکاریگەری بکەن، پاشان ئەگەری ئازادکردنی بێننە کایەوە. گەرچی من وایدەزانم تەنانەت گەر زەینەب جەلالیان داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات دیسان ئەگەری ئازادی کردنیشی مسۆگەر نابێت."

ناوبراو لەوڵامی ئەو پرسیارەی کە داواکاری ڕوونی ئەوکەسانەی گوشار دەخەنە سەری بۆ قسەکردنی بۆ تەلەفزیۆن چیە؟ دەڵێت: "بەداخەوە داواکارییەکانیان تاڕادەیەک داواکارییەکی ناڕوونە، تەنانەت منیش وەکو پارێزەری ناوبراو نازانم لە داواکارییەکانیان دا چیان دەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی لەگەڵ من و دوکتۆر شەریف ناگرن کەلەگەڵ ئێمەیشدا دانووساندن بکەن.دەچنە لای خودی زەینەب و پێی دەڵێن قسەبکات. بەشێک لە ئاخاوتنەکە کە وەرە لەسەرخۆت بدوێ و پەشیمانی دەرببڕە و بڵێ هەڵەم کردووە. بەشێکیشی لەسەر گرووپەکانی دیکە و کەسانێکە کە وایدەزانن ڕەنگە زەینەب گرێدراوی ئەو گرووپانە بێت ولەو ڕێگەیەوە بتوانن گورز لەو گرووپ یان ڕەوتە سیاسییە بدەن. ئەمە کردەوەیەکی ژیران نییە و من داوا دەکەم باشتر وایە مۆڵەتی پێبدەن وەکو بەندکراوێک بگات بە مافە یاساییەکانی خۆی کە بەپێی یاسا لێی سودمەندەو ئەم گوشار وهەڕەشانەش لەسەری لاببەن. یان خۆئەگەر بەڕاستی هەڵگری پێشنیارێکی ڕاست و ڕەوانن، ئێمە ئامادەبوونی خۆمان ڕاگەیاند کە وەرن دابنیشین وتاوتوێی بکەین."

پارێزەری زەینەب جەلالیان لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: "لەبەرامبەر ئاخاوتنەووە من لەڕێگەی زەینەبەوە پێشنیارم پێ کردن کەباشە وەرن قسە دەکەین، زۆریش باشە بۆنەیکەین؟ بەڵام بەئامادەبوونی من ودوکتۆر شەریف قسەبکرێت، دووەم ئەوەیکە ئێوە پەیامنێر دێنن، بی هێنن ئێمەش پەیامنێر و ڕۆژنامەوان دێنین. پرسیارەکانتان لەگەڵ ئامادەبوونی ئێمە ئاراستە بکەن وئێمەیش دەرفەتی وەڵامدانەوەمان هەبێت ئەو هەواڵنێرەی کەئێمە دەیهێنین مۆڵەتی پەخش و بڵاوکردنەوەی ئەم قسانەی هەبێت. بەڵام پەسەندیان نەکرد وجەختیان لەسەر ئەوەبوو کە دەبێ لەگەڵ زەینەب بەشێوەی نهێنی و تاکەکەسی قسە بکەن، زەینەبیش کچێک نییە کە دەستەوداوێن دابنیشێ وسەیر بکات کچێکی بەتەواو مانا سەربەخۆ وبەهێزە ودەتوانێ زۆر بێ پەناوپێچ وبوێرانە وەڵام بداتەوە ودەرەنجامیش پەسندی ناکات ودۆخەکە بەم چەشنەیە".

داودی وەرگرتنی مۆڵەت بەمافی ڕەوای زیندانی دەزانێ و دەڵێت: "ئەمە پێشێلکاری سیستەمە کەبەردەوام داوا لە زەینەب دەکرێ کار گەلێک بکات، ئەمەش لە بەرامبەر گیراوێک کە خەریکە ساتی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات ناڕەوایە. پشوو مافی زەینەب وناتوانی گرێی بدەی بە قسەکردن یان هەرشتێکی دیکەوە."

ناوبراو لەسەر دۆخی جەستەیی پارێزراوەکەی وتویە: :زەینەب هەم لەچاو وهەمیش دۆخی گشتی بەچەشنێک ئازار دەچێژێ. پرسی چاوەکانی هەڵبەت ئەوەی لە ڕاپۆرتەکاندا باسی لێدەکرێ ڕاست نییە. زەینەب بینایی لەدەست نەداوە بەڵام نەخۆشی چاوی لەگەڵدایە، بەناوی ناخوونەک، کەبەوگۆشتە زیادییە دەوترێ لەسپێنەی چاو درووست دەبێت، هەربۆیە تارمایی دەخات ودوو شێوازی چارەسەریشیی هەیە، بەپێی ئەوەی من بۆخۆم بەدواداچوونم بۆکردووە، شێوازێکی دەرمانی تەواو چارەسەرسازە کەلەڕێی نەشتەرگەرییەوە چاک دەبێت، کەدەبێ ئەوگۆشتە زیادییە لاببرێت وبنکۆڵ بکرێت ودووەمیش کاتییە،کەتەنیا کۆنتڕۆڵی دەکات وپێش بەگەشەکردنی دەگرێت لەڕێی شۆردنەوەی چاو بەفرمێسکی دەستکردوخاوێن ڕاگرتنی چاووکەمتر کارلێ کێشانەوەیەتی وئەم شێوازە پێویستی دەکات بەردەوام فرمێسکی دەستکرد لەبەردەستی دابێت."

پارێزەری زەینەب جەلالیان لەدرێژەدا دەڵێ: "من پەیوەندی بەردەوامم هەیە لەگەڵ زەینەب وبەپێی ئەو قسانەی لەگەڵی کردوومە دەرمانی چارەسەرسازی هێشتێ بۆنەکراوە، بەڵام فرمێسکی دەستکرد کە پێویستی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکەیە بۆی دابین کراوە، واتا زەینەب داوای کردووە وبۆیان هێناوە. بەڵام چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کەچارەسەری بنچینەیی تر وگونجاوتری بۆبکرێت تائەوەی بیەوێ تەنیا بەکۆنتڕۆڵ کردن لەگەڵی ململانێ بکات. بۆیە دەبێت پشووی پێ بدەن تا بتوانێ چاوەکانی تیماربکات."

هەروەها پارێزەرەکەی وتویە: "هەندێکیش زەینەب لەبەرامبەر ڕەوشی خۆی کەمتەرخەمە، کچێکی ئازار هەڵگرە، کەسایەتییەکی بەرزی هەیە وزۆر لەمەڕ ڕەوشی خۆی نادوێ، دودڵیشە کەئەگەر ڕای بگوێزن بۆ تاران یان کرماشان بۆچارەسەری، ڕەنگبێ ئیدی نەیهێننەوە ولەوێ ڕایبگرن."

زەینەب جەلالیان گیراوی سیاسی کورد، لەڕەشەمەی ساڵی ٢٠٠٧ بەتۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) دەستبەسەرکراو ولەلایەن هێزەکانی ئیداری ئیتلاعاتی کرماشان کەوتە بەر ئەشکەنجە ولێپێچینەوە.ناوبراو لەلقی یەکی کرماشان بەتۆمەتی(هەوڵی چەکداری دژبە حکووممەتی ئیسلامی ئێران) و (ئەندام بوون لەپەژاک)سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات پێیان ڕاگەیاند کە جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بڕدراوەتەوە وتەنیا لەڕێی قسەکردنی تەلەفزیۆنییەوە جێبەجێ کردنی ڕادەوەستێ. حوکمی ئەم گیراوە پاشان گۆڕدرا بۆ سزایی گرتوخانەی هەتا هەتایی و گوازرایەوە بۆ گرتوخانەی شاری خۆیێ.

(ش ب)