"چۆن چووینە منبج ئاواش دەچینە موسڵ"

10:03

ئیلهام حاجی / ژنها

شەنگال - شەڕڤانێکی یەکینەکانی ژنانی شەنگال ڕادەگەیەنێت، سەرکەوتنی هێزی ژنان لە شەنگال تۆڵەسەندنەوەی هەموو ئەو ژنانەیە کە لەلایەن داعشەوە بە دیل گیراون. هاوکات ئاماژە بە بەشداری کردنی هێزەکانیان لە شەڕی ئازادکردنی موسڵ دەکات.

ڤینار کاوڕۆژ، شەڕڤانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە) لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسەکەماندا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر پێشوەچوونەوەکانی هێزی پاراستنی ژنان لە شەنگال، ناوبراو ڕادەگەیەنێت: بەشداری کردنمان لە هەڵمەتی ئازادکردنی منبج خۆی ئاستی ڕێکخستنبوونی ژنانی ئێزیدی پیشان دەدات.

ڤینار ئاماژە بەوە دەکات کە "یەژەشە" ئەو هێزە بوو ئیرادەی ژنانی ئێزیدی دەرخستەڕوو و جارێکیتر ژنانی هێنایەوە سەر خۆ، جەختیشی کردەوە: "دوای فەرمانی ٧٤مین لە ساڵی ٢٠١٤دا بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزیدی و ڕزگارکردنیان لە دەستی چەتەکانی داعش، بەتایبەت لە لایەنی سەربازیەوە ژنان خۆیان بە باشترین شێوە بە رێکخستن کردوە، پاشان لەسەر ئەو بنەمایە کۆنفرانسی خۆمان سازکرد و وەک یەژەشە خۆمان بەرێکخستن کرد. دوای ئەو ئیرادەیەی لە کۆنفرانس پیشاندرا، ژنانی ئێزیدی باوەڕیان بەو هێزە هێناو و بە چاوی خۆیان بینیان کە بەڕاستی هێزی خۆیان هەیە و دەتوانێت بەرگریان لێبکات."

ڤینار ڕایگەیاند کە ئەوان وەک شەڕڤانانی یەژەشە دژ بە داگیرکاری چەتەکان بەشداریان کردوە لە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری منبج لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناو براو وتیشی: "هەرچەند ساڵانێکی درێژ نیە خۆمان بەڕێکخستن کردوە، بەڵام هەنگاوی گرنگمان ناوە. بەشداری کردنیشمان لە ئۆپراسیۆنی منبج، بە ئامانجی پتەو کردنی یەکێتی بوو لە گەڵ یەپەژە و تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزیدی بوو لە چەتەکان."

ئەو شەڕڤانە ژنە وتیشی: "چۆن بەشداریمان کرد لە ئۆپراسیۆنی منبج بەو شێوەیەش بەشداری دەکەین لە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵ، تۆڵەی ئەو ١٩ ژن و منداڵە دەکەینەوە کە بە زیندووی لە قەفەسدا سوتێنران. هەر هێز و دەوڵەتێک خۆی بەخاوەنی شەنگال زانیوە بۆیەش شەنگال بۆ داعش چۆڵکرا، با هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان ئەوە باش بزانن کە چیتر مێژوو وەک ڕابردوو خۆی دووبارە ناکاتەوە. هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان سەرەتا هێزەکانیان لەسەر ئێمە تاقیکردۆتەوە، ئێمەش پێیان دەڵێین وەک پێشان نین و نابین."

ڤینار کاوڕۆژ، ئەندامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال لە کۆتایشدا بانگەوازی لە سەرجەم گەنجانی ئێزیدی کرد کە بەشداری ناو ڕیزەکانیان ببن بۆ ئەوەی شەنگال بە تەواوی ڕزگار بکەن.
(ش ب)