شاری مێژووی و پێکەوە ژیان ئازاد دەکرێت
11:27
ژنها
ناوەندی هەواڵ – شاری موسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە گەمارۆ دراوە، فەرماندەیەکی ئەو شەڕەش ئاماژەی بەوەداوە کە زۆربەی ئەو هێزانەی لە عێراق هەن بەشداری لەو شەڕە دەکەن.
پارێزگای موسڵ، دەكەوێتە باكووری عێراقو لەسەدا ٦٥ی دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننی مەزهەبن، بەر لەداگیركردنی لەلایەن داعشەوە ژمارەی دانیشتوانەكەی بەسێ ملیۆنو ٧٠٠ هەزار كەس دەخەمڵێنرا.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمیەکان ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێستادا لە پارێزگای موسڵ لە ژێر دەستی داعش ماون نزیكەی ٢ ملیۆن کەس دەبێت کە زۆربەیان عەرەبن، چونكە ئەوانەی ئاوارەبوون زیاتر كوردی شەبەك و مەسیحی و ئێزیدی-ن، بەشێكی كەمی سوننەكان بوون.
موسڵ ماوەی دوو ساڵە لەلایەن داعشەوە داگیركراوە، بەدووەم گەورەترین شار دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوەو ناوەندی پارێزگای نەینەوایە لەباكووری عێراق.
ئەو شارە یەكێكە لەشارە كۆنەكانی ناوچەکە، هەریەك لەنەتەوەكانی عەرەبو كوردی سوننی مەزهەب، كوردی ئێزدیی، توركمانو مەسیحی ژیانی تێدا دەگوزەرێنن.
ئەم شارە مێژووێکی کۆنی هەیە و وەک ناوەندێکی ستراتیژی و دەوڵەمەندیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، هەم لە ڕووی بازرگانی، هەمیش لە ڕووی پێکهاتە نەتەوەییەکانەوە، لە مێژووی خۆیدا لە ژێر چەندەها حکومەت و دەوڵەت حوکم کراوە لەوانە ئاشوریەکان و فارس و هێلینیەکان و دەوڵەتی ئیسلامی و مەغۆل و تورکمان و عوسمانی ئینجا دەوڵەتی عێراق.
یەکێکیتر لە بەرهەمە گرنگەکانی ئەو شارە مۆزەخانەیی مێژووی نیشتیمانیە کە لە ساڵی ١٩٥١-١٩٥٢ کراوەتەوە، لە بەڵام لەسەر دەستی چەتەکانی داعش لەنێوبرا.
دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی ئازادکردنی موسڵ نزیکە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوە فەرمیەکان تا ئێستا بڕیارە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەشداری بکەن لە ئۆپراسیۆنی موسڵ، بەڵام بە گوێرەی وتەی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کە لە پێشڕەویدان بەرەو موسڵ، زۆربەی ئەو هێزانە بەشداری دەکەن لەو ئۆپراسیۆنەدا کە لە عێراق بوونیان هەیە.
ئەو فەرماندەیە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، وتی: "لە عێراق جگە لە گروپە چەکدارە هەرێمیەکان سوپای ١٦ دەوڵەت لە عێراق بوونی هەیە کە زۆربەیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەو خۆ بەشداری ئەو ئۆپراسیۆنە دەکەن.
هاوکات کاتژمێری لێدانی موسڵ لە سەر ڕاگەیاندنی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی وەستاوە کە پێدەچێت بە نزیکرترین کات ڕابگەیەندرێت. بەپێی نەخشەیەک کە ڕاگەیاندراوە، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ناوەڕاستی ئەو شارەیان گەمارۆ داوە و خاڵی هەرە نزیکیش بارەگایەكی پێشمەرگەیە لە ناوەران كە دوریەكەی ١٨ كیلۆمەترە.
بەو پێیەش شەڕەکە بە سەختی ناوەڕاستی ئەو شارە دەگرێتەوە.
لە چوارچێوەی گۆڕانكاریەكان بۆ دەسپێكردنی ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ، شەوی ڕابردوو هێزی ئاسمانی عێراق لەڕێگەی فڕێدانە خوارەوەی نامیلكەوە هۆشداری دایە هاوڵاتیانی موسڵ لە كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە لە دەستی داعش و لەنامیلکەکاندا نوسراوە "كاتی ئەوە هاتووە ئاهەنگ بۆ عێراقێك بگێڕێن كە داعشی تێدا نییە".
(ش ب)