قامیشلۆ، دادگای گەل بکوژی ژنێک بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دەدات

11:51

ژنها

قامیشلۆ - دوێنێ لەلایەن دادگای گەلی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان بکوژی ژنێک بە سزای خۆی گەیاندرا.

عەبدولڕەزا‌ق ئیبراهیم لە ٢ی مانگی شوباتی ٢٠١٦دا، بەچەک ژنێک دەکوژێت و پاشانیش ئاشکرا دەبێت کە ئەو پیاوە ویستوویەتی گەندەڵی و کارەخراپەکانی بشارێتەوە کە ئەو ژنە پێی زانیوە، بەو هۆیەوە ژنێک دەکوژێت.

دوای ئەوەی عەبدولڕەزاق لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا دەستگیرکرا، دوێنێ ڕووبەڕووی دادگای گەل کرایەوە.

دانیشتنی دادگایی کردنیدا کە لە ناوەندی ئەکادیمیای جەلادەت بەدرخان لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو، لەبەیانی زوو دەستی پێکرد تا کاتژمێر چواری ئێوارە.

نوێنەرانی سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنیەکان بەشداریان کرد لە دادگای کردنی ئەو تاوانبارەدا، کە زیاتر لە ٨٠ کەس دەبوون، سەرەتا کەیسی عەبدولرەزاق ئیبراهیم و هاوکارەکەی، ئیبراهیم حسێن کوسا کە بە کوشتن و شاردنەوەی تەرمی ئەو ژنە تاوانبار بوون خوێندرایەوە.

پاشان گوێ لە تاوانباران گیراو، ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستەی دادوەر و تاوانباران کرد.

دوای گفتوگۆی تێروتەسەل لەنێوان ئامادەبووان دادوەر و تاوانباران، بە زۆرینەی دەنگی بەشداربووان بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ عەبدولرەزاق ئیبراهیم و سزای ساڵێک زیندانی بۆ هاوکارەکەی ئیبراهیم حسێن بڕدرانەوە.

جێگەی ئاماژەیە لەماوەی مانگێکدا ئەوە دووەمین دانیشتنی دادگای گەلە بۆ بکوژانی ژنان بەڕێوەدەچێت و هەردوو جاریش ژن کوژان بە سزای زیندانی هەتا هەتای حوکم دراون.

دادگای گەل، لە ڕۆژئاوای کورستان سەر بە سیستەمی خۆبەڕێووەبەری دیموکراتیە، لەلایەن دەستەی کاروباری یاسا کۆمەڵایەتیەکان، دەستەی مافناسان و لێژنەی گەل بۆ ئاشتەوایی بەڕێوەدەچێت و لەو دادگایەدا گەل بڕیاری خۆی دەدات لەسەر تۆمەتباران لە چوارچێوەی یاسا و کەلتوری خۆ جێیی و دادوەری.

(ش ب)