ئێزیدیەکانی چیای شەنگال بۆ سێیەمین زستان خۆیان ئامادە دەکەن
11:04
خەنسێ خدر/ ژنها
شەنگال - منداڵانی ئێزیدی کە لە کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش ڕزگاریان بووە، لەناو هەل و مەرجی سەختی ژیان دەگوزەرێنن و خۆیان بۆ سێیەمی زستانی سارد ئامادە دەکەن.
جەمیلە ڕەشۆ یەکێک لەو ژنانەی ئامادەکاری دەکرد وتی: "بەر لەوەی داعش هێرش بکات لەماڵی خۆمان بووین و لە هیچمان کەم نەبوو، هەموومان بەیەکەوە بووین، بەڵام ئێستا لەناو سەرما و تۆز دەژین، منداڵەکانمان لەناو خۆڵ و خاشاک یاری دەکەن، زۆرێک لە بنەماڵەکان لە خێزانێکی گەورە پێکاتوون بەڵام شوێنێک نیە سەری منداڵەکانیان تیا بشۆن."
جەمیلە باسی لەوەش کرد کە ئەوان بەرەو وەرزی زستان دەڕۆن و خۆیان بۆ سێیەمین زستانی چیای شەنگال ئامادە دەکەن. ئەو دایکە وتیشی: "ئێستا هەوا باشە دەتوانین هەندێک کاری خۆمان لە دەرەوە بکەین، بەڵام ماوەیەکیتر کەس ناتوانێت لە دەرەوە کارەکانی بکات، منداڵەکانیشمان ڕاهاتوون و هەموومان لەناو تێکۆشانی ژیانداین."
جەمیلە بە خۆشحاڵیەوە باسی لەوە کرد کە هەرچەند ژیانیان سەخت دەگوزرێت، بەڵام ئەوان لەسەر زێدی خۆیانن و ڕوویان لە ژیانی غەریبی نەکردوە. وتیشی: "راستە هەموو ژیانمان شەڕە لە گەڵ هەلومەرج و نەبوونی، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە کە دووری وڵات و نیشتیمانەکەت بیت."
لە کۆتایشدا دایە جەمیلە بانگەوازی لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد، کە کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ منداڵەکانیان.
(ش ب)