بە هۆی هەڵواسینی وێنەی دوو ژنی تێکۆشەر داوای پێنج ساڵ زیندانی بۆ دەکرێت

15:49

ژنها

ئامەد – بە هۆی ئەوەی وێنەی ساکینە جانسز و غوربەتەلی ئەرسۆز لە پێشەنگای کتێبدا هەڵواسی، سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ ئەمین ئۆزکان ئەندامی دەزگای بڵاوکردنەوەی ئارام داواکرا.

شارەوانی مەزنی شاری ئامەدی باکوری کوردستان دووەمین پێشانگای کتێبی لە ١٧-٢٢ی مانگی گوڵانی ئەمساڵ کردبووەوە.

لە پێشەنگاکەدا دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئارام، بۆ ناساندنی ژنە سیاسەتمەدار و تێکۆشەرانی کورد ساکینە جانسز(لە گەڵ سێ هەڤاڵانی ٩-١-٢٠١١ لە پاریس تیرۆر کران) کتێبی "ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو" لەگەڵ کتێبی و غوربەتەلی ئەرسۆز (یەکەم ژنە ڕۆژنامەوانی کوردستان و تورکیا) بەناوی "دڵی خۆم پێشکەش بە چیاکان کرد" نمایشکران و وێنەکانیان هەڵواسران.

دادگای کۆماری تورکیا بە بیانووی هەڵواسینی وێنەی ساکینە جانسزو غوربەتەلی ئەرسۆز، سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ ئەمین ئۆزکان ئەندامی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئارام داواکرد.

دادگای تورکیا ڕایگەیاندوە کە هەڵوێستی ئۆزکان بانگەشەکردنە بۆ ڕێکخستنی (پەکەکە)، بەو هۆیەش کەیسی دادگای بۆ کرایەوە و بڕیارە دانیشتنی دادگاییکردنی لە دادگای چوارەمی سزا قورسەکان لە شاری ئامەد بەڕێوەبچێت، دادوەر داوای پێنج ساڵ زیندانی بۆ ئەو نابراو کردوە.

(ش ب)