دایکی شەهیدێک چەکی کوڕەکەی هەڵدەگرێت
10:10
سۆزدا ئۆرامار / ژنها
عەفرین – دایکێکی کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، بەناوی هیدایەت شەوکەت، لە سەر داواکاری چیای کوڕی کە لەناو ڕیزەکانی یەپەگەدا ژیانی بەختکردوە، بەشداری دەکات لەناو ریزەکانی هێزەکانی پاراستنی ژنان.
شەڕڤانی یەپەگە چیا عەفرینی، بەر لەوەی گیانبەخت بکات داوای لە دایکی کردوە بەشداری ناو هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگا ببێت، کە ئێستا وەک هێزەکانی پاراستنی ژنان خۆیان بە رێکخستن کردوە.
دایە هیدایەت دانیشتووی گوندی کاخرێی سەر بە ناوچەی ماباتانە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣دا کوڕەکەی گیان بەخت دەکات، لە دوای سێ ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر گیانبەختکردنی کوڕەکەی ئەمڕۆ وەسیەتەکەی بەجێهێنا.
دایە هیدایەت وێڕای تەمەنی زۆری بەڵام بە ورەو ئیرادەوە دەستی داوەتە چەکی کوڕەکەی و دەڵێت: چیا ئەو ڕۆڵەیەی هەموومانە کە هەرگیز نامردوە و نامرێت.
دایە هیدایەت بۆ ئاژانسەکەمان بەو شێوەیە قسەی کرد: "کوڕەکەم شۆرشگێر بوو، من ئەمڕۆ خەیاڵێکی کوڕەکەم دەکەم بە ڕاستی، دوای ئەوەی هەڤاڵ چیا شەهید بوو، هاتمەوە عەفرین و چەکی ئەوم هەڵگرت."
"ناچارین خۆمان بپارێزین"
ئەو دایکە ئاماژە بەوە دەدات، کە خۆپاراستن، مەرجە بۆ ئەوان و ناچارن لە هەموو ڕووێکەوە خۆیان پێشبخەن، جەختیشی کردەوە: "چیای کوڕم لە ٢ی مانگی ١١ی ٢٠١٣ لە گەڕەکی ئەشرەفیەی شاری حەلەب گەیشتە کاروانی نەمران، کاتێک وتیان کوڕەکەت شەهید بووە، بەر لە هەر شتێک ئەو خواست و داواکاریانەی کوڕەکەم بیرکەوتەوە کە پێمی سپارتبوون. داواکاری ئەوە بوو لێم کە خۆم پێشبخەم و هەنگاوی مەزنم بنێم، ئێمەش ناچارین خۆمان پێشبەخەین، چونکە تا ئێستا بەچاوێکی بچوکەوە سەیری ژنان کراوە، ناچارین کە ئەو عەقڵیەتە بگۆرین، کۆتایی بەو سیستەمە پیاوسالارە بێنین. لە سایەی ڕێبەری ئازادیمان ژنان ئەمڕۆ ڕۆڵی پێشەنگی دەگێرن."
هیدایەت بانگەوازی لەهەموو گەلی کورد کرد لە هەر شوێنێکی جیهان بۆ ئەوەی خاوەنداری لە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بکەن لە ڕۆژئاوای کوردستان وتیشی: "ڕۆژئاوا بە خوێنێ هەزاران ڕۆڵە توانی شۆڕشێکی نوێ بخوڵقێنێت، بۆیە دەبێت گەلی کورد بەتایبەت گەنجان بەبەشداری کردن لەناو ڕیزەکانی ئەرکی خۆپاراستن و یەپەگە و یەپەژە ئەو سوپایە مەزن بکەن. منیش وەک ژنێک بە ئەرکی خۆم دەزانم کە بەشداریم کردوە لەناو هێزەکانی پاراستنی ژنان."
جێگەی ئاماژەیە هێزەکانی پاراستنی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەشێکن لە هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگا(هەپەجە) کەلەلایەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوا بە یاسای ئەرکی خۆپاراستن دوو ساڵ لەمەوبەر دامەزرێندران."
(س ب)