خاچی سور داوای پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە موسڵ دەکات

14:45

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ڕێکخراوی خاچی سوری نێونەتەوەیی داوا لە هێزە بەشداربووەکانی ئۆپراسیۆنی موسڵ دەکات کە ڕەچاوی هاوڵاتیانی مەدەنی بکەن لەکاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا.

ئەمڕۆ ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، ڕۆبەرت ماردینی بەڕێوەبەری لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جنێف ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە ئەو سەنتەرانەی زیاد کردووە چارەسەرکردنی هەر کەسێک کە بەهۆی چەکی کیمیاییەوە بریندار دەبێت.

هەروەها وتیشی: لیژنەکە هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە پشکنین و چارەسەرکردنی ئەو ئاوارانەی کە لە موسڵ لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش هەڵدێن.

ئۆپراسیۆنی موسڵ دوێنێ دەستیپێکرد و تا ئێستاش سوپای عێراق لەبەری باشوری موسڵ کە دەکاتە ناحیەی گەیارە زیاتر لە ١٥ گوندی کۆنترۆڵکردووەتەوە و پێشمەرگەش لە خازر نۆ گوندی کۆنترۆڵکردووەتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی ئاوارە ببن.

(ش ب)