کچێکی ١٣ ساڵان لەلایەن باوکیەوە دەکوژرێت
09:35
ژنها
ناوەندی هەواڵ – لە شاری بروجرد سەر بەپارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوکێک کچە ۱۳ ساڵانەکەی لە سەر شەقامێکدا دەکوژێت.
بە پێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، هێزەکانی ئاسایشی ئێران لەو شارە دوای ڕووداوەکە ڕایگەیاندوە کە ئەو پیاوە پێشینەی شەڕ و شۆڕ و دۆسییەی جەزای هەبووە و لە دوای توڕەبوون و کێشەیەکی بنەماڵەیی، کچەکەی سواری ماتۆڕێک دەکات و دەیباتە سەر شەقام و دەکوژێت، دوای ئەوەی خۆی ڕادەستی دادگای بروجرد دەکات و بە لێپرساو ڕادەگەیەنێت، کە پەشیمانە لەو کارەو هیچ مەبەستی کوشتنی کچەکەی نەبوە و ویستویەتی تۆزێک چاوترسێنی بکات و لەچکەکەی بەو مەبەستە لە ملی ئاڵاندوە."
لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە کە باوک و باپیرە و پشتی باوکی لە هەموو بابەتێکدا مافی سەرپەرەشتیان بەسەر منداڵەوە هەیە. بەتایبەت باوک مافی بڕیاردانی بەسەر هەموو ئەندامەکانی خێزانەوە هەیە.
کۆمەڵگای پیاو سالاری ئێران و سیستەمی سیاسی زاڵ بە سەر یاساکانی دژە ژن مۆڵەت بە پیاوان دەدات کە بە خواست و ئارەزووی خۆیان لە سەرکوتکردنی ژنان سڵ نەکەنەوە و هێزە ئینتزامیەکان و پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەو یاسایانەی کە دژی ئازاردان و توندو تیژی لە سەر ژنانە وەلا دەنێن و لایەنێکیترەوە بیرو باوەڕی مەزهەبی و داب و دەستور ژنان فێرە پەیڕەوی کردن لە فەرمانی پیاوان دەکات و لادان لە فەرمانەکانی پیاوانە بەدژی خودا و پێغەمبەر دەزانێت و ئەم بیرو بۆچوون و کردەوە توند و تیژییانە پەرە پێدەدات و ژن بە کەرەستەی ڕابواردن و خۆشی لە هەموو بوارەکاندا، بۆ پیاو دەزانێت و ژن دەبێت بە بێدەنگی و گوێڕایەڵی هەڵسووڕاو بێت و لەژێر فەرمانی پیاودا بێت.
(ش ب)