ئۆپراسیۆنی موسڵ لە چوارەمین ڕۆژ دایە

09:17

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسڵ لە چوارەمین ڕۆژی خۆیدایەو تا ئێستا پانتاییەکی بەرفراون کۆنتڕۆڵکراوە.

به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ ١٧ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای‌ عیراق له‌ چه‌ند قۆلێكه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ-یان ده‌ستپێكرد.

له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا پێشمه‌رگه‌ پانتاییه‌كی فراوانی رێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر – موسڵ به‌ رووبه‌ری نزیكه‌ی ٢٠٠ كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ كۆنترۆڵ كرده‌وه‌، به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی ‌فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌دووه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عیراق دوێنێ توانییان چه‌ند گوندێكی‌ دیكه‌ كۆنتڕۆڵبكه‌نه‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پێشڕه‌وییان نه‌كردو سه‌رقاڵی پاككردنه‌وه‌ی گونده‌ رزگاركراوه‌كان بوون له‌ بۆمبه‌كانی داعش. هەروەها چاوەڕوانی فەرمانی هێرش وەستان.

لە سێیەم ڕۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا سوپای عێراق توانی شارۆچکەی حەمدانیە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە ئەمەش دوای شەڕ و پێکدادانێکی زۆر سەخت.

هاوکات فەرماندەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کە نەیوست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند کە ئەوان بەهۆی ڕێکنەکەوتنی سیاسی نێوان سوپای تورکیا لە بەعشیقە(کە بەشێک لە سوپای تورکیای لێیە) و فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە نەیانتوانیوە هیچ هێرشێک لە میحوەرەکانی ئەو دەڤەرە ئەنجام بدەن و ئێستاش چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە بڕیارێک لەو باریەوە بدرێت.

ناوبراوئاماژەی بەوەشدا کە بە هۆی بوونی هێزەکانی تورکیا لەو ناوچەیە ئەگەری درێژخاندنی ئۆپراسیۆن لە ئارا دایە.

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق ناوی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵی‌ به‌ ناوی‌ "نه‌ینه‌وا واهاتین" ناوناوه‌.

له‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵدا سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ به‌شدارن، به‌وته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عیراق ته‌نها سوپاو پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ده‌چنه‌ ناو شاری‌ موسڵه‌وه‌و هێزه‌كانی‌ تر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

له‌ئێستادا هێزه‌كانی عیراق‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ موسڵ نزیكبونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ دوكه‌ڵی‌ ره‌ش له‌سه‌ر پێگه‌كانی‌ چەتەکانی داعش له‌ئه‌نجامی‌ ئاگرێكی‌ به‌هێز كه‌ پێده‌چێت بۆ رێگریكردن له‌ پێشڕه‌وی‌ هێزه‌كان و بۆردومانی‌ پێگه‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ بێت له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌.

هەروەها دوێنێ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لەبارەی بەشداریی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئێستای عێراقدا رایگەیاند کە لەم کاتەدا ئەنقەرە لەو هێرشانەی ناو خاکی عیراقدا به‌شدارناكات.

ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی ئاكه‌په‌دا رایگه‌یاند فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی به‌شدارییان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵدا كردو ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئیشی توركیا له‌ موسڵ نیه‌ وه‌ڵامیان وه‌رگرت.

موسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه‌ له‌دوای به‌غدای پایته‌خت، به‌ر له‌وه‌ی‌ داعش له‌ناوه‌ڕاستی ٢٠١٤ كۆنتڕۆڵی بكات دانیشتوانه‌كه‌ی‌ دوو ملیۆن كه‌س بوو، ئێستا مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی گه‌وره‌ترین‌و توندوتیژترین رێكخراوی تیرۆریستییه‌ له‌عێراق و ناوچەکەدا.

(ش ب)