لە چیای شنگال ژنان دەستیان بە دروستکردن تەندور کرد
14:02
خەنسێ خدر/ ژنها
شەنگال - ژنانی ئێزدی لە چیای شەنگال بۆ سێیەمین زستان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش تەندوری قوڕین دروست دەکەن.
دروست کردنی تەندوری قوڕین مێژووێکی کۆنی هەیە و سەدان ساڵە بە ڕەنجی ژنان دروست دەکرێت. ئەو ژنە ئێزدیانەی کە لەژێر دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاریان بووە، لە چیای شەنگال ژیان بە دەستی خۆیان سەر لەنوێ ئاوا دەکەنەوە و بۆ ئامادەکاری زستان دەست بە دروست کردنی تەندور دەکەن. کۆچەر ئێزدی، کە بەدەستی خۆی تەندوری قوڕین دروست دەکات دەست نیشانی کرد کە تەندور لەلای ئەوان شتێکی پیرۆزە.
لە باوەڕی ئێزدییەکان تەندور شتێکی پیرۆزە
کۆچەر ئاماژەی بەوە دا کە بۆ دروست کردنی تەندور خۆڵی ورد دێنن، و دەیخەنە ناو ئاو تا ئەبێتە قوڕێکی ئامادە کراو و بەم شێوەیە درێژەی بە قسە کانی دا:"پاشان قوڕی تەنورەکە دەشێلین، ئێستا ئێمە ٢ قۆناخی تەندورەکەمان دروست کردووە، دواتر لە بەر خۆر دای ئەنێین و چاوەڕێ دەکەین تا کەمێک وشک دەبێت. ناوی تەندورەکە ئەنێین "ستیائێسێ" کە یەکێکە لە خوداوەندی ئێزدییەکانە. دروستکردنی تەندور پێکدێت لە ٧ قۆناخ تا ئێستا ئێمە ٢ قۆناخمان دروست کردووە و ٥ قۆناخی ماوە. پێویستە ٧ قۆناخ بن،٦ قۆناخی گەورە و قۆناخی دواییشی کە ئێما پێی دەڵێین(زۆلکا دەری)کە قۆناخی حەوتەمینە، ژمارەی ٧ لەلای ئێمەی ئێزدی ژمارەیەکی پیرۆزە. لە بیر و باوەڕی ئێمەی ئێزدی دا ٧ فریشتە(مەلەک) مان هەیە، لەناو ژیانیشدا ٧ ڕۆژی حەفتەیە. لەبەر ئەوەش ئێمە ٧ قۆناخی تەندور دروست دەکەین. دوای ئەوەی کە قۆناخەکانمان تەواو کرد، لەبەر خۆر دای دەنێین تا بەباشی وشک دەبێتەوە. دواترلە سەر زەوی بە قوڕ و بەرد شوێنی تەندورەکە دروست دەکەین. دوای ئەوەی کە بە باشی وشکبووەوە لە ناوەکەیدا ئاگر ڕۆشن دەکەین، کاتێک ناوەوەی تەندورەکە سپی بوو نانی پێی دروست دەکەین.
کۆچەر لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک دایکان نان دەپێژن، منداڵان بە دڵخۆشییەوە لە دەوروبەری دایکیانەوە کۆ دەبنەوە.
(ش ب)