رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەسەر دۆخی زەنیەب جەلالیان هۆشیاری دەدات
16:08
ژنها
ناوەندی هەواڵ - رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک لەبارەی دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیانەوە، هۆشداری داوەتە ئێران و رایگەیاندوە، هیچ چاودێرییەکی پزشکی لەسەر زەینەب جەلالیان نیە کە بە زیندانی تاهەتایی سزادراوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رۆژی چوارشەممە راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە، کە دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان بەهۆی نەخۆشی تڕاخۆمای چاویەوە لە مەترسیدایە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی دادوەری ئێران رێگای پێنادەن لە نەخۆشخانەکاندا دەرمان بکرێت.
لە راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتوە، کە رژێمی ئێران داواکاری زەینەب جەلالیان بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی رەتکردوەتەوە، چونکە جەلالیان لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی بۆ دانپێدانان ئامادە نەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو داواکاریەکانی جەلالیان و پارێزەکەی بۆ مۆڵەتی هاتنە دەرەوە یان سەردانی خێزانەکەی بۆ زیندان رەتدەکرێنەوە، بەرپرسانی دادوەری ئێران بە پارێزەری جەلالیانیان راگەیاندوە، کە تەنها بە مەرجێک مۆڵەتی چوونە دەرەوەی دەدرێتێ کە لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی بۆ دانپێدانان بەشدار بێت.
زەینەب جەلالیان لەساڵی ٢٠٠٨دا و بە تۆمەتی ئەندامێتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەلایەن ئیتلاعاتی شاری کرماشانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ئەشکەنجەدرا، سەرەتا لە بنکەی ١ی دادگای شۆڕشی کرماشاندا بەسزای لەسێدارەدان سزادرا، بەڵام ئەو سزایە لە ساڵی ٢٠١١دا لە دادگای پێداچوونەوەدا بە زیندانی تاهەتایی کەم کرایەوە.
(ش ب)