ڕێکخستنەکانی ژنانی ئێزیدی: بە یەکگرتووی سەردەکەوین
10:01
خەنسێ خدر / ژنها
شەنگال – دێرسم شەنگالی فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، خەبات و پەیوەندیەکانی نێوان تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی (TAJÊ)و یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە)ی بۆ ئاژانسەکامان هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان "TAJÊ" وەک ئیرادەی سیاسی خۆیان دەبینن.
دێرسم شەنگالی لەو بارەیەوە وتی: "ئەوەی بووە هۆکارێک کە لە ساڵی ٢٠١٤دا فەرمانێکیتر بەسەر گەلی ئێزیدی ڕووبدات، بێڕێکخستنی بوو، بۆیە لە ئێستاوە ئەرکمان قورسە و ئامانجمان مەزنە."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "وەک یەکینەکانی ژنانی شەنگال، لە بەرەکانی جەنگدا سەرکەوتنی مەزنمان بەدەست هێنا، ئێستاش لە هێڵی میدیبام تا ناوەندی شەنگال هێزەکانمان لە بەرەکانی جەنگدان."
لە بەشێکیتری وتەکانیدا فەرماندە دێرسم ڕایگەیاند: "ئێمە وەک یەژەشە، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی وەک ئیرادەی سیاسی خۆمان دەبینین، هەروەها لە کۆنفرانسی تەڤگەری ئازادی ژنانیش ئاماژە بەوە درا کە ئەوان یەژەشە وەک هێز و ئیرادەی سەربازی دەبینن، هەر بۆیە پەیوەندیەکانیشمان بە شێوەیەک سروشتی پێشدەکەون، چونکە ئامانجی هەردووکمان رزگار کردن و پێشخستنی ژنانی ئێزیدیە، ئێستاش خۆشبەختانە توانیومانە میکانیزمایەکی بەهێزی پەیوەندی و ڕێکخستنی دروست بکەین، بۆ ئەوەی کۆتایی بە فەرمانەکان بهێنین."
دێرسم شەنگالی فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، ئاماژەی بەوەدا کە پاراستنی ژنانی ئێزیدی ئەرکی سەرەکیانە، وتیشی: iگەر ژنان خاوەن هێز و ئیرادەی رێکخستوو بن، هیچ دەستێک ناتوانێت نزیکیان ببێتەوە."
هەروەها فەریدە سیدۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی(TAJÊ) ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان دوای دووەمین کۆنفرانس ئەنجومەنی خۆیان دامەزراندوە و بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "ئەنجامدانی کۆنفرانسی ژنان و بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێکردنی دۆخی ژنانی ئێزیدی نیشانەی سەرکەوتنێکە، بۆیە تەڤگەری ژنانی ئێزیدی نوێنەرایەتی هەموو ژنانی ئێزیدی دەکات."
ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر یەکخستنی هێزی ژنان لە شەنگال و وتیشی: "ئێمە یەکینەکانی ژنانی شەنگال وەک هێزی خۆمان دەناسین، یەژەشە لە بەرەکانی جەنگداو ئێمەش لەناو کۆمەڵگادا ژنان بەڕێکخستن دەکەین. هەڵبەت پەیوەندیمان لەگەڵ کۆنگرەی ستاریش هەیە کە خاوەن ئەزموونی مەزنن لە بەڕێکخستن کردنی ژناندا."
فەریدە سیدۆ، دەستنیشانی کرد: "ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بە هێز دەبین، بەبەڕێکخستن کردنی هێزی ژنان و یەکگرتنی هەموو ڕێکخستنەکانی ژنانی ئێزیدی کۆتایی بە فەرمانەکان دێنین، تا ژنێکی بەدیلگیراویش مابێت، ئێمە لە هەواڵدان داین بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەین."
(ش ب)