"بەبێ جیاوازی بیرو باوەڕیەکان، کژار سەرجەم ژنانی ئێران لە ژێر چەترێکدا کۆدەکاتەوە"
09:16
ژنها
سلێمانی – دووەمین کۆنگرەی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) کە لە نێوان رۆژانی ١٢ هەتا ١٤ی مانگی ئۆکتۆبەر، لە ژێر دروشمی "بە ڕێبەرتی ئازاد، شۆڕشی ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بونیاد دەنێین" بەڕێوە چوو، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری (کژار) لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسەکەماندا ئەنجامەکانی کۆنگرە و چۆنێتی سیستەمی ڕێکخستنی کژار هەڵدەسەنگێنن.
"تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز لە ڕۆژهەڵات چۆکی بە دووژمناندا هێناوە"
بێریڤان شاهۆ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرنج ڕاکێشانە سەر گرنگی ئەنجامدانی کۆنگرەکەیان دەستی بە هەڵسەنگاندنەکانی کرد، ناوبرا پاشان باسی لە سیستەمی ڕێکخستنی کژار کرد و وتی: "بەر لە کژار ڕێکخستنی (یەژەرەکە) هەبوو، بەڵام سیستەمی بەڕێوەبەردنی نەیدەتوانی وەڵامدەرەوەی سەرجەم ژنان بێت، بۆیە بەر لە دوو ساڵ پێویستی بە ڕێکخستنێکی بەرفرانتر بینرا و وەک کۆمەڵگای ژنان خۆمان بە ڕێکخستن کرد، کژار سیستەمێکی سەربەخۆی هەیە و لەسەر چەندین ستونی سەرەکی دامەزراو وەک گەنجان، هێزی پاراستن ...، هەوەها کژار هەریەک لە بەشی پەیوەندیەکان، ڕاگەیاندن و کەلتور و هونەر لەناو خۆیدا دەگرێت، هەموویان لە چوارچێوەی پێشخستنی ئیرادە و ڕۆشنکردنی ئاسۆی ژنان برەو بە تێکۆشانی ژنان دەدەن."
ناوبراو جەختی کردەوە: " گەنجان هێزی دینامیکی کژار پێکدێنن و پێشەنگی شۆڕشی ژنانن، هەڵبەت هێزی پاراستن (هەپەژە)ش، لەسەر بنەمای پێویستی دامەزرا، چونکە لە هەرێمەکەماندا ئەو دۆخەی دەگوزەرێت، پێویستی بە ڕۆڵی ژنان لە بەرگریکردندا هەیە. بۆ نمونە گەر ژنانی ئێزیدی هێزێکی بەرگریکردنیان هەبووایە ڕووبەرووی ئەو کارەساتە نەدەبوونەوە. هەروەها ڕۆژئاڤاش بەرچاوە کە چۆن بوو بەنمونەیەک لە سەر ئاستی جیهان. هەپەژەش لەسەر هەمان ئامانج و بە بنەماگرتنی ژیانی ئازاد خۆی بەڕێکخستن دەکات.
بێریڤان شاهۆ بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "کژار خۆی سیستەمێکی تایبەتی خۆی هەیە و هەروەها لەناو کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-(کۆدار)یشدا ڕۆڵ و پێگەی گرنگی هەیە و پێشەنگی دەکات، هەموو ئەو ژنانەی لەناو سیستەمی کۆداردا جێدەگرن لەهەمانکاتدا ئەندامی "کژار"ن.
لە بەشێکی وتەکانیدا بێریڤان شاهۆ سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵی ژنان لە پێشخستنی تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وتیشی: "بە درێژایی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان پێشەنگیان کردوە لە تێکۆشان، قوربانی گرانبەهایانداوە، بەڵام وەک پێویست ناوی لێنەنراوە و هەمیشە پەراوێز خراوە، پرسی ژن وەک دوا پرسی دوای شۆڕش چاوی لێکراوە، وەک دەبینین دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش هەمیشي بە ئامانج گرتنی ژنان کۆمەڵگایان بە کۆیلەکردوە، هەر بۆیە بە ئازادی ژنانیش کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە سەر حەقیقەتی خۆی، ئەوەی ژنانی پێشەنگی تەڤگەری ئاپۆی کردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڕینی ئەقڵیەتێک بوو، گۆڕینی ئەو نەریتە باوە بوو کە ژنانی بە پلە دوو دادەنا، ژنانی ناو بزووتنەوەی ئازادیخواز چۆکیان بە دووژمن داهێنا، نمونەی ئەوانەش هەڤال شیرین عەلەمهولیە کە دوژمن نەیتوانی بەرامبەر بەرخۆدانی ئەو بوەستێت و لەسێدارەیدا. هەروەها هەڤاڵ بێریڤان هەم وەک دایکێک، هەمیش وەک ژنێکی تێکۆشەر تا دواین ساتی ژیانی بە فیداکاری خاوەنداری لە ناسنامەی ئازادی ژن کرد. ئەوەی ماوەتەوە بڵێین ئەوەی لە ڕابردوودا شکستی بە بزوتنەوە جیاخوازەکان هێناوە هۆکاری سەرەکی بە بنەما نەگرتنی پرسی ژن بووە وەک پرسێکی ژنان لەناو کۆمەڵگادا.
بێریڤان شاهۆ بانگەوازیشی لە ژنان کرد کە بە هاوبەشی ڕووبەڕووی گرفتەکانی ژنان ببنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەن یەک هەڵوێست بن.
"دەمانەوێت بە بێ جیاوازی بیروڕا هەموو ژنانی ئێران لە ژێر چەترێکدا کۆببینەوە"
هەروەها پەیمان ڤیان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیار و پڕۆژەکانی کۆنگرەی کژاری هەڵسەنگاند، نابراو وتی: "کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ئازادی کوردستان تەڤگەرێکی سەرجەم ژنانی ئێرانە، هەر بۆیە لە کاروخەباتەکانیدا و لە دووەمین کۆنگرەشدا سەرجەم ئەو بڕیار و پڕۆژانەی پێشخران لەسەر بنەمای بە ئەڵتەرناتیف بوونی کژار بوو بەرامبەر بە سیستەمی دەسەڵاتداری ڕژێمی ئێران. بڕیار و بانگەشەشمان ئەوەیە کە دوای کۆنگرە خۆمان بگەیەنین بە هەموو ژنان."
پەیمان ڤیان ئاماژەی بەوەدا کە بابەتێکیتر کە لە کۆنگرە دا وتووێژی زیاتری لەسەر کراوە، سیاسەتی ڕژێمی ئێران بوو لە سەر کۆمەڵگا، بەتایبەتیش ژنان و گەنجان، ناوبراو دووپاتی کردەوە: "ڕژێمی ئێران نمونەی ئەو سیستەمە دەسەڵاتدارانەیە کە دەیانەوێت لە کەسێتی ژندا کۆمەڵگا بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، کۆمەڵگا بچەوسێننەوە و ئازادی لێبسەننەوە، چونکە وەک دەبینین ژنان خاوەن هێزی گۆڕانکارین، بۆیە هێزی ژنان وەک ترسێک دەبینن لەسەر خۆیان. ئەوەش دەزانین کە سیاسەتی ڕژێمی ئێران تەنها لەسەر ژنانی کورد بەڕێوەناچێت، بەڵکو ژنانی فارس، ئازەری و بەلوجی ... بێبەشکراون لە مافەکانیان. لە کۆنگرە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ڕژێمی ئێران بە ڕێگەی ئایین و ناوی جۆراوجۆرەوە ژنان دەچەوسێنێتەوە، بۆیە بە بڕیاری وەڵامدانەوەی خواستەکانی ژنان بۆ ئازادی خەبات بکەین، کۆنگرەکەمان هەڵوێستی ڕابەر کرد."
یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانیش ئەوە بوو کە ئێمەش وەک تەڤگەرێکی ئاپۆیی دژ بە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانی تێکۆشان بین، هاوکات دروشمی کۆنگرەکەشمان بریتی بوو "بە ڕێبەرێکی ئازاد شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵات و بونیاد بنێن." بۆیە وەک ژنان بە خاوەنداری کردن لە ڕێبەرمان بەڵێنی بەردەوامی تێکۆشانمان دووپات کردەوە."
"هەروەها خاڵێکیتر لە کۆنگرە تیشکی خرایە سەر ئەوە بوو کە هەرچەند ڕژێمی ئێران هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پارچە بکات، بەڵام ئێمە بە هێزی هاوبەشی هەموو ژنان گەلانی ناڕازی و چەوساوە یەکبگرین تا بتوانین لە هەموو ڕووێک ڕوبەڕووی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران ببینەوە."
پەیمان ڤیان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کژار لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "گرتووخانەکانی ئێران پڕن لە ژنانی کورد، فارس، ئازەر، بەلوج، ئەفغان و بەتایبەتیشی بەهایی. هەر بۆیە وەک کژار بۆ دۆخی ئەو ژنانە و سیاسەتی ڕژێمی ئێران لەسەر گیراوانی سیاسی ژن، بڕیاری تایبەت گیرا، بۆنمونە دەبێت بە هەر جۆرێک بێت بتوانین ئاگاداری دۆخی ئەوان بین و دەنگی ئازادیخوازیان بە جیهان بگەینین. بۆ ئەوەی ڕایبگەینن کە ڕژێمی ئێران شەڕێکی دژ بە ژنان بەڕێوەدەبات، هیچ مافێکی ژن پەسەند ناکات، دوای ئەوەی دەستگیریشیان دەکات ڕوبەڕووی ئەشکەنجە بێزیپێرکردن دەبنەوە. "
لە کۆتایشدا ڤیان پەیمان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کژار، چەندین بڕیاری گرنگی بۆ ژنان خستەڕوو: "بڕیارێکیتر لە بڕیارە گرنگەکانی کۆنگرەکەمان کە بە پێویستی دەبینم ڕاوەستەی لەسەر بکەم، پێشخستنی پەیوەندی لە گەڵ ژنانی ئێران بەگشتی و ناساندنی زانستی نوێی ژنان ژنۆلۆژی بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئیتر سودی لێ ببینێت. هەروەها بڕیارێکیتری گرنگمان ئەوە بوو کە لەکەسێتی هەڤاڵ شیریندا ٩ی گوڵان تا ١٣ی گوڵان وەک حەفتەی بەرخۆدانی ژنان دەستنیشان کرا. بڕیارێکیتری گرنگمان ئەوە بوو لە ژێر چەترێکدا هەموو ژنان کۆببینەوە بۆ تاوتوێکردنی خاڵە هاوبەشەکانمان، بە بێ جیاوازی بیر و ڕا و باوەڕی لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازی خاوەنداری کردن لەو هەنگاوە گرنگە بکەن."
(ش ب)