"هێزی ژنانی پێشمەرگە بەشداریان لە ئۆپراسیۆنی موسڵ کردوە "

12:56

ژنها

سلێمانی - عەقید ناهیدە ئەحمەد فەرماندەی فەوجی دووی ژنان لە سلێمانی ڕایگەیاند: پێویستە سەرجەم هێزە کوردیەکان یەکبگرن و دژ بە داگیرکەری بوەستنەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە وەک هێزی ژنانی پێشمەرگە بەشداریان لە ئۆپراسیۆنی موسڵدا کردوە.

سەبارەت بە گرنگی ئۆپراسیۆنی موسڵ لە ئێستادا و بەشداری کردنی هێزی ژنان لەو ئۆپراسیۆنەدا عەقید ناهیدە ئەحمەد فەرماندەی فەوجی دووی ژنان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

ناوبراو وتی: " دەتوانین بڵێین کە حکومەتی عێراق سنوری بۆ ئۆپراسیۆن دانا، سەرەتا هەندێک گومان لەو ئۆپراسیۆنەدا هەبوو، بەڵام وەک دەبینین هێزەکانی پێشمەرگە بەشداریان کرد، هەروەها هەندێک هێز هەبوون کە دەیانویست بەبێ ڕەزامەندی عێراقیش بەشداری بکەن لەو ئۆپراسیۆنەدا وەک هێزی سوپای تورکیا، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ئەو هێزەی تورکیا دایبەزاندوە نەیتوانی وەک دەیەویست جموجۆڵ بکات، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵی هەموومانە."

لە بەردەوامی قسەکانیدا ناهیدە ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج ڕزگار کردنی هاوڵاتیانی موسڵ، بەتایبەتیش ژنانە، بۆیە دەبێت هەموو هێزەکان بەو هۆشیارەیەوە بجوڵێنەوە.

وتیشی: "من پێم وایە ئۆپراسیۆنی موسڵ بە ماوەیەکی کەمتر لە چەند مانگ ئازاد دەکرێت نەکوەک ئەوەی دەوترێت."

ئەوەی لە کەرکوک ڕوویدا دووبارە سەلماندیەوە کە ڕۆحێکی نەتەوەیی هەیە و پێویست بەوە ناکات بڵێین هێز، سەرجەم پێکهاتەکان خۆیان بە خاوەنی ئەو شارە دەزانن، هەروەها هێزێکی نیشتیمانی بە بێ جیاواز دەرکەوتە پێش ئەوەش پیشانی دەدات کە قۆناغێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە."

ناوبراو لە بەشێکیتری وتەکانی دا ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان کرد و وتی: نابێ ڕێگە بەوە بدەین ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا لە هیچ بەشێکیتری کوردستان ڕووبداتەوە، بۆیە من پێشتریش وتومە پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی بەرگریکردنی ژنان هەیە بەبێ جیاوازی نەتەوەو باوەڕی، بۆیە هێزێکی هاوبەشی ژنان زۆر زەرورە لە ئێستادا."

ئەو فەرماندە ژنە سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەشداری کردنی هێزی ژنانی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنی موسڵ و وتی: "ئێمەش هێزێکی پێشمەرگەین، بۆیە چۆن پێشتریش بەشداریمان کردوە لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعش، ئێستاش بەهەمان شێوە بەشداریمان کردوە."

عەقید ناهیدە ئەحمەد فەرماندەی فەوجی ژنان لە سلێمانی، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: " بانگەوازیم بۆ هەموو هێزە کوردیەکان هەیە کە یەکبگرن، چونکە گەر یەکنەگرین ناگەین بە ئامانج و ئەوەی تا ئێستاش بەدەستمان هێناوە لە دەستی دەدەین."

(ش ب)