لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیا ئەندامێکی ڕاگەیاندنی YPJ گیانی بەختکرد

16:45

ژنها

ناوەندی هەواڵەکان - فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ بە بەیان نامەیەک بڵاویکردەوە کە ئەندامی ڕاگەیاندنی YPJ"ئەیلوول نوهلات" لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکەکەی لە هێرشەکانی سەر هەرێمی ئەلشەهبا گیان بەختکرد.

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنانYPJ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شەرڤانێکیان بەناوی ئەیلوول نوهلات کە بەرپرسی ڕاگەیاندنی YPJ بوو لە کانتۆنی عەفرین، ٢٠ی ئەم مانگە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا گیانی بەختکردوە.

لە بەیاننامەکەدا اهاتووە:

لە ٥ ساڵی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو شەڕی ژیان و مەرگدایە. ئەو هێرشەی کە دەکرێتە سەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانین وەک شەڕی جیهانی سێیەم چاوی لێبکەین. ئەم شەڕەش بە دەستی ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت لە ئاڵۆزیەکان لەو هەرێمەدا سوود وەربگرن ئەنجام دەدرێت. ئەوەی کە زۆر بە ڕوونی دیارە ئەوەیە کە زۆربەی هێزەکان دەستیان خستۆتە ناو دەستی یەکتری و هیچ سوودێکی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە نەماوە. لە ئەنجامدا خەڵک لە ناو شەڕ و پێکدادانێکی دژواردان و هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە.

نمونەش ئەو هێرشانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا دەیکاتە سەر گەلی کورد، وەک چۆن جەڕابلوسیان داگیرکرد ئەیانەوێت هەمان ڕێباز بەکاربێنن بۆ داگیر کردنی هەرێمی ئەلشەهبا. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی ئەلشەهبا هێشتا بەردەوامە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە هاوڵاتی و هەڤاڵانی ئێمە دوای بەرخۆدانییەکی بێوێنە شەهید بوون.

یەکێک لەو شەهیدانەشمان ئەیلول نوهلات بوو کە بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکەی بەشداری کردبوو لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی هەرێمی ئەلشەهبا، ئەو هەڤاڵەمان لە ئەنجامی تۆپبارانی سەر هەرێمی ئەلشەهبا لە ٢٠ی تشرینی یەکەم لەگەڵ ١٤ لە ئەندامانی بەرەی پاراستنی ژنانی ئەلشەهبا و بەرەی ئەلئەکراد، بە قارەمانی گەیشتنە ناو کاروانی نەمران.

هەڤال ئەیلول یەکێک لەو ژنانە بوو کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی بەشکۆی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری لە خەباتەکاندا کرد، ئەو بەرلەوەی دەست بە کاری ڕاگەیاندن بکات، ئەندامی هێزەکانی پاراستنی ژنان بوو، هەر بۆیە جێگەی خۆی لە دڵی یەپەژەدا کردۆتەوە. وەک شەڕڤانێک چەندین جار بەشداری کردوە لە هەڵمەتەکانی رزگار کردنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە هەمان کاتدا لە ناو خەباتەکانی ڕاگەیاندندا خاوەن ڕۆڵێکی ئێگجار بەرچاو بوو. هەڤاڵ ئەیلول بە چەک و کامێراکەی لە بەرەکانی جەنگدا تێکۆشا و بە لە ئەستۆگرتنی ئەرکێکی قورس مێژووی بەرخۆدانی ئەو دەڤەرەی دەنوسیەوە.

ئەوە ڕووی ڕاستەقینەی ژنانی کوردی ڕۆژنامەوانە، هەر بۆیە لە کەسێتی شەهید ئەیلول، سەرجەم شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد بیردێنینەوە، وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەزرزی و سەرجەم شەڕڤانانیYPJ و ئەندامانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەین. بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی لە سەر ڕێبازی شەهید ئەیلول بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و بەڵێنی سەرکەوتن بۆ هەموو شەهیدانمان دووپات دەکەینەوە.

(ش ب)