زیلان ڤەژین وەک هاوسەرۆکی نوێی 'پژاک' هەڵبژێردرا
10:13
ژنها
ناوەندی هەواڵ – لە پێنجەمین کۆنگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)دا هەریەک لە زیلان ڤەژین و سیامەند موعینی وەک هاوسەرۆکی تازەی ئەو پارتیە هەڵبژێردران. هاوکات پژاک وەک یەکەم پارتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سیستەمی بەشداری یەکسان و بەرامبەری ژنان و پیاوان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەسەند کردوە.
بە گوێرەی لێداونێکی فەرمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئۆکتۆبەر بە بەشداری٨٢ كهس لە ئەندامانی خۆی لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەبرد.
لە لێدوانەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە کۆنگرەکەدا، پژاک کار و چالاکی دوو ساڵەی ڕابردووی خۆی نرخاند و راپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆنگرە کرد کە تێیدا ئاماژە بەوە كراوه کە پژاک وەک پارتێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێت رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی بۆ گرسانی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک لە کوردستان و ئێران پێک بهێنێت.
لەم کۆنگرەیەدا ئەندامانی مەجلیسی پژاک بە ڕێگای هەڵبژاردن دیار کران و هەروەها "سیامەند موعینی" و "زیلان ڤەژین" وەک هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.
هەروەها لە لێدوانەکەی پژاکدا هاتوە: پژاک لەم کۆنگرەیەدا وێڕای ڕەخنە لە دەوڵەتی ئێران دهڵێت كه دەیەوێت پرسی گەلانی ئیران بە رێگای سیاسەتی دیموکڕاتیک چارەسەر بکرێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەگەر بێتو کۆماری ئیسلامی ئێران ویست و داخوازیە دیموکراتیکەکانی گەلانی ئێران بەتایبەتی گەلی کورد لەبەر چاو نەگرێت، شەپۆلی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین ئهو وڵاتهش دهگرێتهوه.
هاوكات پژاك داوا لە سەرجەم هێزە سیاسیەکان و کۆمەڵگای مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات كه ههوڵهكانی خۆیان بۆ سازكردنی بەرەیەکی هاوبهش بۆ دیموکراتیزە کردنی ئیران چڕتر بكهن.
هاوکات پژاک ئەنجامنامەی کۆنگرەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد کە چەندین خاڵی گرنگ لە خۆی دەگرێت و یەکێک لەوانە دەڵێت: " ژن لە کۆمەڵگا یەکێک لە بنەما ئایدیۆلۆژیکەکانی پژاکە کە پێشەنگی خەباتی بۆ ئازادی ژن لە هەموو بوارێکەوە خستۆتە ڕادەی کردارەوە. لەو چوارچێوەیەدا لەناو ساختاری حیزبی پژاکیش ئەمە وەدی هاتووە کە دەتوانرێت پژاک وەک یەکەمین حیزب لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکرێت، کە بەشداری یەکسان و بەرابەری ژنان و پیاوان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبەرایەتی پێکهێناوە. لە کۆنگرەی پینجەمی حیزب بەشداری کردنی یەکسان و بەرابەری ژن و پیاو لە تەواوی بوارەکان و ئاستەکاندا، پەسەند کرا و پێکهێنرا.
هەروەها لە خاڵێکیتریدا بە ئاماژە بەڕۆڵی ژنان و گەنجان هاتوە: لقی ژنان و جەوانانی حیزب، تەواوی چالاکیەکانی دوو ساڵی رابردوو و هەروەها ساختاربەندی نوێی خۆیان لەناو پژاکدا هەڵسەنگاند و لە ساختاری نوێدا بە کرداری کردنی هەموو بەرنامەکانی حیزب و تێکۆشان لە پێناو رێخستن کردنی شۆڕشی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خەبات و تێکۆشانی خۆیان زیاتر لە جاران قووڵ بکەنەوە و پەرەی پێبدەن.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە.
(ش ب)