ژنانی ڕۆژئاوا: بێریتان سەمبۆلی تێکۆشانە
10:58
جڤین گرباوی/ ژنها
قامیشلۆ – ژنانی ڕۆژئاوای کورستان، گولناز کاراتاش ناسراو بە (بێریتان) وەک سەمبۆلی تێکۆشانی خۆیان دەبینن، لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ئەو ژنە تێکۆشەرەدا یادی بەرز رادەگرن.
گولناز کاراتاش ناسراو بە (بێریتان)، گەریلای بەرەی ڕزگاری گەلی کوردستان(ARGK) لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٩لە شەڕێکی هاوبەشی سوپای تورکیا و هێزە بە کرێگیراوەکاندا لە شاخەکانی خواکوڕک ژیانی بەخت کرد. بێریتان وەک ژنێکی بەرخۆدێر لە شاری دێرسمەوە دژ بە هەموو زوڵم و ستەم و داگیرکاریەک سەری هەڵبڕی بوو بەرەوە شاخەکانی کوردستان، بێریتان لەو شەڕەدا کە زۆر بەسەختی بەڕێوەدەچێت تا دواین فیشەکی شەڕ دەکات و پاشان بۆ ئەوەی بەدیل نەگیرێت خۆی لە شاخەکان فڕێدەداتە خوارەوە. عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بۆ بێریتان دەڵێت: "بێریتان 'ژاندارکی' ئێمەیە".
لە ساڵڕۆژی ژیانبەختکردنیدا ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان رادەگەیەنن کە بێریتان نمونەی تێکۆشانیانە.
هێلین ئیسماعیل ئەندامی ئاسایشی ژنان لە شاری قامیشلۆ لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەڤاڵ بێریتان میراسێکی بۆ بەجێهێشتووین کە هەرگیز تەواو نابێت، ئەو تا دواین فیشەک بەرامبەر بە کرێگیراو و نەیارانی ئەم نیشتیمانە شەڕی کرد، پاشان بۆ ئەوەی چەکەکەی نەکەوێتە دەست دوژمنەکانی چەکی خۆی دەشکێنێت خۆی لە شاخەکان فڕێدەداتە خوارەوە."
ناوبراو لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کەبەڵێنی بەردەوام کردنی رێبازی ئەو دەدەن چونکە بێریتان نمونەیەک بوو بۆ تێکۆشانیان.
"بێریتان بناغەی سوپای ژنانی دامەزراند"
هەروەها هەبوون عومەر ئەندامی تەلەڤزیۆنی ڕۆناهی، یادی ئەو ژنە تێکۆشەرە بەرز رادەگرێت، ناوبراو لەو بارەیەوە وتی: "بێریتان ئەو ژنەیە کە خیانەت و تەسلیمیەتی تێکبردوە. بێریتان لە بەرامبەر خیانەتی پارتیە کوردیەکان لەوانەش پەدەکە کە سوپا و تانکەکانی سوپای تورکیای بردە باشوری کوردستان بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەیەکی کوردی."
هەبوون لە کۆتایشدا رایگەیاند: "بێریتان بناغەی سوپای ژنانی دانا و ئێستا بە هەزاران ژن لەسەر ڕێچکەی بێریتان بەردەوامی بە تێکۆشان دەدەن لە کوردستان، بۆیە دەبێت زیاتر بێریتان بناسین و بیناسێنین."
(ش ب)