بە ژنۆلۆژی مێژووی ژن دەنوسرێتەوە

14:09

ژنها

ستۆکهۆڵم – لە شاری ستۆکهۆڵم پانێل و پەروەردەی چوار ڕۆژە بۆ ٣٠ ژنی فارس و کورد بەڕێوەچوو، هاوکات بڕیاریشە لە ١٩ی مانگی ئاییندەدا کۆنفرانسی ژنۆلۆژی لەو شارە ببەسترێت.

لە ڕۆژانی ٢٠-٢٣ تشرینی یەکەم لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان KJAR بە بەشداری ٣٠ ژنی کورد و فارس هەستا بە ڕێكخستنی پانێل و پەروەردەیەکی چوار ڕۆژە لەسەر بابەتەکانی مێژووی ژن ، ژنۆلۆژی-زانستی ژنناسی ، مێژووی تێکۆشانی ژنانی کورد، مێژووی تێکۆشانی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێكخراوەبوون و سیستەمی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان KJAR. هەر لەو چوار ڕۆژەدا چەندین فیلم و بەڵگەفیلم لەسەر بابەتی ژن و تێکۆشانیان لە مێژوودا، ژیاننامە و تێکٶشانی ساکنە جانسز ، خەباتی ژنان لە ڕۆژئاڤا نیشان دران.

بابەتەکان لە لایەن ڕۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغی، زیلان رۆژهەڵاتی بەرپرسی KJAR لە ئەوروپا ، چالاکڤانانی بواری ژنان کوێستان داودی و نگین ڤەتەنیەوە پێشکەشکران. لە چوار رۆژی پانێڵ و پەروەردەکەدا گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر مێژووی نەنوسراوی ژن و هۆکار و فاکتەرەکانی لەدەستدانی پێگەی ژن لە مێژوودا ، کاریگەری میتۆلۆژی و ئاین لەسەر پێگەی ژن و دیدی فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتیەکان لەبوارەدا، کرا. بابەتێکی تایبەت لەسەر ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن پێشکەش کرا و بەتایبەتی ئاماژە بە گرنگی ڕێكخستنبوون و تێکۆشان کرا.

ژنان لە گفتوگۆکانیان دا کۆک بوون لەسەر ئەوەی زهنیەتی باوکسالاری، دەوڵەت و دەسەڵاتداری سەرچاوەی کێشەکانە و ئەو زهنیەتەی لە قۆناغی شارستانی دەوڵەتداریەوە بەرهەم هاتووە گەورەترین کاریگەری لەسەر ژن و کۆمەڵگە کردووە بۆ ئەوەش بەخوێندنەوەی نوێ بۆ مێژووی نوسراو و کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونەکانی ژنان لە مێژوو و تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی ژنانی کورد و ئەزمونی نوێی شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاڤا ، لەسەر بنەمای زانستی ژنناسی، ژیانێکی نوێ و ئازاد بۆ تاک و کۆمەڵگە بونیاد دەنێنەوە و پەرە بە تێکۆشانیان دەدەن.

ڕۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغی لەسەر پەروەردەکە وتی:" ئەم خولانەی پەروەردە پێویستیەکی قۆناغە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا بۆ تێپەڕاندنی عەقلیەت و دەسەڵاتداری پیاوسالاری و هەروەها تایبەتمەندی کلاسیکی و نەریتیانەی ژن، ژنان بەم پەروەردانە زیاتر ئاشنا دەبن بە مێژووی نەنوسراوی خۆیان و هێزی و وزەیان جارێکی تر دێنێتەوە مەیدانی تێكۆشان و ڕێکخستن و دەزگابوون".

هەرچی زیلان ڕۆژهەڵاتی بەرپرسی KJAR وتی " کژار پەرە بە سیستەمی خۆرێكخستنی ژنان دەدات لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، دیبلۆماسی، ڕاگەیاندن و هتد ، داوای لە ژنانی کورد و ژنانی دیکەی ئێران کرد کە خۆیان لە دەوری ئەو تێکٶشانە ڕێکخستن بکەن".

هەروەها نگین ڤەتەنی ڕەخنەی لەو ژنە فێمنیستانە گرت کە لەچوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران دا بیر دەکەنەوە و هەمیشە دەیانەوێ کە خۆیان لە سەروو ژنانی کوردەوە ببینن و لە ژێر کاریگەری گوتاری دەوڵەتی ئێران دا بوون" ئاماژەی بەوەش کرد کە دەکرێت بە ژنۆلۆژی و ڕەخنەکانی لە فێمینیزم ئەو عەقلیەتە تیپەڕێنرێت.

کوێستان داودی وتی:" لە قۆناغی ڕابردوودا ژنان بە ژمارەیەکی زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە نێو ڕیزی پارتەکانەوە تەنانەت لە چیاکانی کوردستان بەڵام بە داخەوە کە نەکرا ڕێکخستن بکرێن و پلانی ستراتیژی بۆ تێکۆشانی ژنان نەبوو لەبەرئەوەی کە کەشێکی پیاوسالارانە لە خەبات دا زاڵ بوو". خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد لە باکور و رۆژئاڤا دەروازەیەکیان لەبەردەم گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگەی کوردستان دا کردەوە و ئەمرۆ گەیشتۆتە ئاستی زانستی ژنۆلۆژی.

ژنان لە پەروەردەکەدا پێداگریان کرد کە ئەوەی لە ڕووی تیۆرییەوە پێی ئاشنا بوون هەوڵ و تەقەڵا دەدەن بە بەشداری لە تێکۆشان دا کردەیی بکەن. لە کۆتایی پەروەردەکەدا بەشداران داوایان کرد کە پەرە بەم جۆرە پانێل و پەروەردانە بدرێت لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و کار لەسەر ناساندنی ژنۆلۆژی بە ژنانی بیانیش بکرێت.

شایانی باسە کە لە رۆژی ٨ تشرینی دووەم لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد پانێلێک بۆ ژنانی سوێدی و رۆژی ١٩ ی هەمان مانگ هەر لەو شار کۆنفرانسی ژنۆلۆژی بەبەشداری ژنانی کورد، بیانی ، ڕێکخراوی و کەسایەتی فێمینیست دەبەسترێت."

(ش ب)