"پژاک سیستەمی کۆنفیدرالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە بواری جێبەجێکردن"

09:23

ژنها

قەندیل – ئەندامێکی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی پێنجەمین کۆنگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پراکتیزە کردنی سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

شەڕڤین مەزڵوم ئەندامێکی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، پێنجەمین کۆنگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانی و بڕیارەکانی کۆنگرەی بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاند.

"کۆنگرە وەڵامێک بوو بۆ بەرامبەر بە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران"

شەرڤین مەزڵوم، سەرەتا سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگی بەستنی کۆنگرە لەو قۆناغەدا و وتی: " پێنجەمین کۆنگرەی پژاک لە قۆناغێکی زۆر گرنگ بەڕێوەچوو، بەتایبەت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی ئاڵۆز و سەختدا تێپەڕ دەبێت، قەیرانەکان کێشەکانیان بنبەست کردوە، بۆیە لەو دۆخە نائاساییەی کە دەگوزەرێت، دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان ڕۆڵی زۆر دەگێڕن لە سەقامگیرکردن و پاراستنی گەلانی هەرێمەکە. بەتایبەتیش لە قۆناغێک کە سیاسەتی داگیرکاری بە سەرکێشی هێزە فاشیزمەکانی تورکیا، ئێران و داعش لەسەر خاکی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەستنی کۆنگرەی پژاک لەو هەلومەرجەدا و لە بەرامبەر ئەو هەموو داگیرکاریە وڵامێکی بەهێز بوو. بەتایبەتیش لە بەرامبەر هێرشی ڕژێمی ئێران لە سەر گەل و گەریلاکانمان لە ڕۆژهەڵات، وەڵامێک بوو بۆ کۆمەڵکوژ کردنی ١٢ هەڤاڵمان کە بەو دوایانە لە سەردەستی ڕژێمی ئێران شەهید کران."

شەڕڤین مەزڵوم جەختیشی کردەوە کە کۆنگرە لە ئەنجامی ڕەنج و فیداکاری گەریلا شەهیدەکان و بەرخۆدانی ناو گرتوخانەکان و تێکۆشانی نەپساوەی گەل بەڕێوەچووە.

"هەر هێزێک دوژمانەیەتی گەلی کورد بکات شکست دەهێنێت"

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ڕژێمی ئێران لە ئەنجامی بەکارهێنانی زوڵم و زۆری دەڕوخێت و وتیشی: "هەرچەند زوڵم لەسەر گەلی کورد، گوشارەکانی ناو گرتوخانەکان هێرشەکانی سەر گەریلا زیاد بکات، ئەوا دەوڵەت زیان بەرخۆی دەگەیەنێت، چەندە دژایەتی تەڤگەری ئاپۆیی بکات لە هەر بەشێکی کوردستان، ئەوا ناتوانێت بگات بە مەرامەکانی، چونکە بە بێ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ گۆڕانکاریەک ڕوونادات، گەلی کورد بۆتە خاوەن هێز و ئیرادەی خۆی نکوڵکردن و دژایەتی کردنی ئەو ئیرادەیە ڕووبەڕووی ڕووخانیان دەکاتەوە. لە کۆنگرەش جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کام هێز دژایەتی گەلی کورد بکات ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە و ئەوەش وەک حەقیقەتێک باسی لێوە کرا، هەروەها دووپات کرایەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەت بکات گەر کورد و کوردستان لە بەرچاو نەگرێت."

"پژاک پێشەنگایەتی تێکۆشانی دیموکراتی لە ئێران دەکات"

ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، لە بەردەوامی وتەکانیدا تیشکی خستە سەر چەند بڕیارێکی کۆنگرە و وتیشی: "لە کۆنگرەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پژاک وەک پارتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی پێشەنگایەتی سیاسەتی دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکات. چونکە پژاک یەکەمین پارتی سیاسیە لەناو سیستەمی کۆدار، پێشەنگایەتی بۆ کۆداریش دەکات لە ڕووی پراکتیزەکردنی سیستەمی دیموکراتیزە کردنی گەلان و سیاسەتی دیموکراتی لەناو سەرجەم پێکهاتەو لایەنە سیسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەهەمانکاتدا پژاک لەمەودوا تەنها وەک پارتێکی کوردستانی خەبات ناکات، بەڵکو لە لە سەرتاسەری ئێران دەستپێخەری دەکات بۆ هاودەنگ بوون لەگەڵ بەرەی نارازی و لایەنە دیموکراتیخوازەکان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ ئەوەش ئامادەیی خۆی دەربڕی."

"هەروەها پژاک بڕیاری ئەوەی گرت کە هەموو ناوەندەکانی لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن و فەلسەڤەی ڕێبەرمان زیاتر بناسێنین لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چونەکە ئەو هەرێمە دەوڵەمەندە بە کەلتور و پێکهاتەکان، واتا زەمینەی نەتەوەی دیموکراتیک و سیستەمی کۆنفیدرالیزم هەیە، ئەوەی دەکەوێتە سەر ئەستۆی پێهکێنانە."

"لقی ژنان دامەزرا"

شەرڤین مەزڵوم باسی لەو گۆڕانکاریانە کرد کە لە پێنجەمین کۆنگرەدا بەدیهاتوون و بەو شێوەی بەردەوامی بە وتەکانیدا: " یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گۆڕانکاری تێدا کرا، کە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان کار بۆ پراکتیزەکردنی سیستەمی کۆنفیدرالیزم بکرێت. هەروەها لە سیستەمی بەڕێوەبردندا ڕێژەی یەکسانی لە لایەنی ڕەگەزیەوە پەسند کرا، واتا پەنجا بە پەنجا، سیستەمی هاوسەرۆکایەتیش کە لە کۆنگرەی چوارەمدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، نیشانەی یەکسانی و هاوبەشیە بە بێ جیاوازی. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنیش بەهەمان شێوە تەنانەت لە بەشدار بوونی کۆنگرەشدا یەکسانی ڕەگەزی بە بنەما گیرا. یەکێکیتر لە گۆڕانکاریەکاندا پێشتر ژنان لەناو پژاکدا وەک ئەنجومەنی ژن خۆیان بەڕێکخستن دەکرد، لەو کۆنگرەیدا ئەوەش هەڵگیراو لقی ژنان خۆی بەڕێکخستن دەکات. لەهەمان کاتدا لقی گەنجانیش بەو شێوەیەیە."

شەرڤین مەزڵوم ئەندامێکی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: " وەک باسکی ژنان ئامادەین هەر کێشەیەکی ژنان چارەسەر بکەین و هەنگاو بۆ یەکێتی ژنان بنێین. بە تایبەتیش بۆ خەباتەکانی ژنان بڕیاری گرنگ گیراون، لە پێکهێنانی ئەو بڕیارانە درێخی ناکەین بە ڕۆحی بێریڤان خەبات دەکەین، وەک لقی ژنان پێشنەگایەتی تێکۆشانی ژیانی یەکسان دەکەین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران."

(ش ب)