ژنانی ئێزیدی کارگەی بەرگردوویی کامپی پەنابەران بەڕێوەدەبەن
10:07
ڕوکەن دێرک / ژنها
دێرک – ئەو ژنانی بە هۆی زوڵم و هێرشی کۆمەڵکوژکردن دووچاری کۆچبەری هاتوون، لە کامپی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان کارگەی بەرگدروویی کامپەکە بەڕێوەدەبەن.
کامپی پەنابەرانی (نەورۆز) دەکەوێتە شاری دێرک لە کانتۆنی جزیرە، لەناو کامپەکەدا سیستەمێکی خۆبەڕێوەبردن دامەزراوە و هاوڵاتیان خۆیان بەڕێوەدەبەن، هەروەها چەندین خەباتی تایبەت بە ژنانیش بەڕێوەدەچن لەوانەش کارگەی بەرگدروویی کامپەکەیە کەلەلایەن ژمارەیەک ژنەوە بەڕێوەدەچێت.
نەدیمە شەمۆ، یەکێک لە ئەندامانی ئەو کارگەیەیە، لەو بارەیەوە وتی: "ئێمە پێنج ژن لێرە کار دەکەین، خۆشم ماوەی شەش مانگە دەستم بەو کارە کردوە، چونکە خوێندنگەمان نیە، دەمانەوێت بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان بێت خزمەت بە کۆمەڵگاکەمان بکەین."
هاوکات لۆرین قاسم، ژنێکیتری بەرگدرووە و بەو شێوەیە باسی لە خەباتەکانیان کرد: "لەسەر داخوازی ژنان ئەو بەرگدرووە کرایەوە، ئێستاش لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مایەی خۆشحاڵیمانە کە توانیومانە خزمەتێک بە کۆمەڵگاکەمان بکەین. ئەمڕۆ دەبینین ژنان چەکیان هەڵگرتوە بۆ بەرگری کردن لە خاک و نیشتیمان، بۆیە نابێت ژنان لە ماڵی خۆیان دانیشن، کاتی دانیشتن نیە، دوای ئەو فەرمانەی بەسەرمان هات ئەزمونی زۆرمان بەدەستهێناوە کە وەک ژنان پێویستیمان بە ئیرادەیە و هەنگاونان بۆ دواوە مەحاڵە."
لای خۆشیەوە مەیان خوەدێدا، وتی: "لێرە کارێکی باش دەکەین، خۆمان خۆمان بەڕێوەدەبەین، نابێت چیتر ژنان ژێر دەستی قبوڵ بکەن، چونکە قبولکردنی ژێردەستی فەرمانی وەک شەنگالی لێدەکەوێتەوە."
لە بەردەوامی قسەکانیدا مەیان ئاماژەی بەوەشدا کە دەیانەوێت بچن بۆ خوێندنگا و دۆخی گوزەرانیان باشتر بکرێت.
(ش ب)