ژنانی باشوری کوردستان داوای چوونەدەرەوەی سوپای تورکیا دەکەن

11:15

ژنها

سلێمانی – هاوڵاتیانی باشوری کوردستان تا ئێستا چوار کۆمیتەیان بۆ چوونەدەرەوەی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، ژنانیش ڕادەگەیەنن پێویستمان بە سوپای تورکیا نیە.

دوێنێش بۆ ئەو مەبەستە ڕێپێوانێک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە ڕێپێوانەکەدا، بێریڤان محمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لەوبارەیەوە وتی: "ئامانجمان لەم چالاکییە ئەوەیەکە کە سوپای تورکیا لە کوردستان بڕواتە دەرەوە،ئێمەی کورد هەموومان یەک ڕیزین پێویستمان بە سوپای تورکیا نییە. سوپای تورکیا با بڕواتە دەرەوە ئەردۆغان داگیرکردنی کوردستانی ئەوێ."

بێریڤان محەمەد، جەختیشی کردەوە: " ئەمڕۆ لە کوردستان لە لایەن چەتەکانی ئەردوغانەوە لەشکرکێشی چەندین ساڵەی لەسەر بەڕێوەدەچێت وەهەوڵ دەدرێت دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوازێک باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات. ئەمڕۆکە ئەو شەڕەی لەسەر خاکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیایە، بۆیە خەڵکی باشوری کوردستان بەتایبەتی خەڵکی شاری سلێمانی ئەمڕۆ لەسەر پێیە دژ بە لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا وە هەموو بە یەک دەنگ ئەڵێن بڕۆ دەرەوە لە خاکی کوردستان،ڕێگە نادەین بە هیچ شێوازێک دەوڵەتی تورکیای فاشیست سیاسەتە قێزەونەکانی ئەو سیاسەتانەی لەمێژە خەونی پێوە دەبینێت کە داگیرکردنی کوردستانە وە کۆتایی هێنان بەو دەسکەوتانەی گەلی کورد کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتووە، هەوڵ دەدات بە هەموو شێوازێک ئەو دەسکەوتانە لە ناو ببات بۆیە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو لەشکر کيشیە دەوەستێتەوە و بێگومان دەشبێت بوەستێتەوە."

هەروەها چالاکوانی مەدەنی دڵسۆز زەنگەنە وتی: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیاین، چونکە دەزانین نیازی تورکیا لەو لەشکرکێشیە چیە. بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی هێرشە هەواییەکانی تورکیا بۆسەر کوردستان و تەنانەت ناوچەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان دەکەین."

لە کۆتاییشدا دڵسۆز داوای لە ژنانی چوارپارچەی کوردستان بەتایبەتی باشوری کوردستان کرد کە هەموو یەک دەنگ و یەک هەلوێست بن بۆ ئەوەی تورکیا لە خاکی کوردستان دەربکەین.

(ش ب)