ئەمڕۆ ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژنە تێکۆشەری کورد بێریتانە
11:42
ژنها
ناوەندی هەواڵ – ئەمڕۆ ٢٤ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژنە تێکۆشەر و گەریلای ئازادی بێریتان.
گوڵناز کارەتاش، ناسراو بە (بێریتان) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١ لە شاری دێرسم-ی باکوری کوردستانە. قۆناغی سەرەتایی لە شاری ئەلازخ تەواو دەكات و لە ساڵی ١٩٨٩ لە بەشی زانستی ئابووری ئینگلیزی دەستی بە خوێندنی زانکۆ كردووە.
بێریتان، هەرگیز نەكەوتە ژێر كاریگەری سیستەم و تەنانەت لە بەرامبەر یاسا و ڕێساكانی باوی ناو كۆمەڵگا دەوەسێتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستیەی بە چاوێکی بچوک لە ژن دەڕوانێت بگۆڕێت.
لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٩دا پەیوەست دەبێت بەخەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٠ لە گەڵ دەزگیرانەكەی، بەشداری ناو ڕیزەكانی گەریلا دەبن. بێریتان لە كاتی خەبات و تێكۆشای سیاسیدا ڕووبەڕووی گوشاری دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، بەڵام ئەو هیچ کاتێک ملکەچ نابێت و سەرئەنجام بڕیاری بەردەوامی خەباتی گەریلایی دەدات.
بێریتان تەنیا لە ماوەی یەك ساڵ دا، لە ناو ڕیزی گەریلاكان پێشكەوتنی گەورە بە دەست دەخات و دواتر وەكوو فەرماندەی تاقمێكی گەریلا دەچێتە هەرێمی شەمزینان.
لە ساڵی ١٩٩٢ دەچێتە شاخەکانی خواکوڕکێ و بە پێداگری خۆی بەشداری شەڕی ئەو کاتە کە وەک ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سوپای تورکیا و بە کرێگیراوان دەناسرا. لە ئەنجامدا لە هەرێمی حەفتانین تا سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەریلا ڕووبەڕووی شەڕێكی سەخت بووەوە. ئەو کات هێزەكانی داگیركەری توركیا بە تانک و تۆپەکانیان دەربازی باشووری كوردستان ببوون، هاوڕێ لە گەڵ كوردە بەكرێگیراوەكانیان.
بێریتان لەو شەڕەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت وەک فەرماندەیەکی ژن لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ شەڕ دەکات، سەرەڕای ئەوەی بێریتان لە زۆر شوێنی جەستەی خۆی بریندار دەبێت، بەڵام تا ئاخرین گوللەی شەڕ دەكات.
له ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبهری ساڵی ١٩٩٢دا بێریتان بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستی دوژمن، چەکەکەی دەشكێنێت و لە تاشە بەردێكی بەرزەوە، بەدروشمەکانی "بژی سەرۆك ئاپۆ"، "بێ سەرۆك ژیان نابێ"، خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و گیانی بەخت دەکات.
چالاكی بێریتان دەبێتە هۆی سستبوونی لایەنی بەرامبەر و تەنانەت ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی كوردی لایەنی بەرامبەر، بە دیتنی ئەو چالاكیەی بیریتان بە چۆك دادێن و چەكەكانی خۆیان فڕێ دەدەن.چالاكی بێریتان لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی كورد بوو بە ئەفسانەیەك وزۆر منداڵی كچ ناوی بێریتانیان لە سەر دادەنێن و زۆر شێعر و ئاواز و گۆرانیش بۆ بێریتان و قارەمانیەتی ئەو گووتراون.
هەروەها هێزەکانی گەریلا وەک وەفاداریەک بۆ بێریتان بە بیرەوەری ئەو و لەسەر هێڵی بەرخۆدانی بێریتان سوپای ژنان دادەمەزرێنن کە ئێستا وەک (یەژاستار) دەناسرێت و پێشەنگی بۆ سەرجەم شەڕڤان و گەریلا ژنەکان دەکات لە هەرچوارپارچەی کوردستان.
عهبدوڵڵا ئۆجهلان، ڕێبەری پەکەکە، لهدوای چالاکیهکهی بێریتان، ئهم ههڵسهنگاندنهی کردبوو: "بێریتان، بۆ ئێمه، وهسیەت، پهیام و بانگێکه، ئهو بۆ ئێمه ژان دارکه. چالاکیهکهی ئهو ، چالاکی عەشق ، و چالاکی شکۆداریه . دهبێت ئێمه ژیانی شههید بێریتان بکهینه هێڵێکی تایبهت بۆ تێکۆشانمان . تا ئهوکاته ئاشتیهکی شکۆدار دێته کایهوه ، ئێمه درێژه بهو ریبازهی بێریتان دهدهیین."
(ش ب)