یەکەمین کۆنفرانسی ئاسایشی ژنان لە ڕۆژئاوا دەستی پێکرد

14:46

ژنها

گرکێ لەگێ - یەکەمین کۆنفرانسی ئاسایش-ی ژن لە رۆژئاوای کوردستان، بەدروشمی "ئەو شۆڕشەی ژن تێدا ئازاد نەبێت، شۆڕشێکی راستەقینە نییە" و بەئامادەبوونی ٥٠٠ ئەندام لەهەموو هەرێم و دەڤەرەکانی رۆژئاوای کوردستان'ەوە، لە ناوەندی کلتور و هونەری ئارام تیگران- لەشارۆچکەی گرگێ لەگێ- دەستیپێکرد.

هەریەک لە شیرین ئادەم هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری ناوەخۆی کانتۆنی جزیرە، نوێنەرانی کۆنگرەی ستار، پارتی یەکێتی دیموکراتی(پەیەدە) و تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی(تەڤدەم) وەک میوان بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.

هەروەها نوێنەرانی کانتۆنی عەفرین بە هۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنەکە نەیانتوانی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن.

کۆنفرانس بە خولەکێک وەستان بۆ گیان بەختکردوانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد، پاشان پێنج کەس بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانس هەڵبژێردران.

لە کۆنفرانسەکەدا نوجان عەفرین، فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "ئەو کۆنفرانسە لە ساڵڕۆژی شەهید بوونی گولناز کاراتاش، ناسراو بە بێریتان بەڕێوەدەچێت، شەهید بێریتان لە ڕێگەی ئازادی و بە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان دژ بە زوڵم و ستەم بوو بە ئیرادەیەکی ئازاد."

نوجان ئاماژەی بەوەشدا کە ئاسایشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕاوە لە بەرگری کردنی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگا،هەربۆیە هیوادارین ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانس دەگیرێن خزمەت بە شۆڕش بکەن.

پاشان دەستکرا بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکانی کاروخەبات، تا ئێستاش کۆنفرانس بەردەوامە.

(ش ب)