وتووێژێک لەگەڵ فاتمە کەریمی لەسەر دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵات و ئێران

09:56

سۆما مەهابادی / ژنها

پاریس - فاتمە کەریمی، چالاکی مافەکانی ژنان و نوسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەماندا دۆخی ئێستای ژنان لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە گشتی ئێران بە تێروتەسەلی هەڵدەسەنگێنێت.

-دۆخی ئێستای ژنان لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەرەتای ڕەوتی خەباتی مافی ژنان لە ئێران دەگەڕێتەوە سەدەیەک لەمەو بەر. چالاکیەکانیان وەکو ژنانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین جیا لە چالاکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانتر وەک پرسی نەتەوەیی هەبووە و لەو ڕێگایە دا هۆگرێکی چڕی بەو خەباتانە هەبووە. پرسگەلی سیاسی ئێران کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ژنان هەبووە کەهەندێک جار بۆتە هۆی پێشکەوتن و جار جاریش پێچەوانە ئەم ڕەوتەی ڕاگرتووە یان دوای خستووە. سەرەرای ئەمە ژنانی ئێرانی خەریکی تێپەڕ کردنی پلەی سوونەتی بۆ مۆدێرنیتەن. زۆربەی کێشە ڕەگەزیەکان سەبارەت بە ژنان دەبەنە ژێر پرسیار و بەربەستەکانی سەر ڕێگایان لە هەر پلە دەخەنە ژێر پرس و لێکۆڵین.

-خاڵی بەهێز و لاوازی بارودۆخی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵات چیە؟
سەرەڕای ئەوەی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کە حکومەتی ئیسلامی هێزی گرتەدەست ژنان لەگەڵ کێشەگەلێکی بەرفرە تری یاسایی و سیاسی و کەلتووری ڕووبە ڕوو بوونەوە. بەڵام ئەوە بەو واتای سەردانەواندن بۆ بارودۆخی سەردەست نەبوو و لە هەموو دەرفەتێکی بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان کەڵکیان وەرگرت. دەوڵەت لە مژرای ژن تەنانەت بە کەڵک وەرگرتن لە تووندویژیش نەیتوانی ئەو ئامانجانەی کە دوای شوڕشی گەلان بە دوویانەوە بوو، پێی بگات. ئێستا پرسی ژن یەکێک لە هەرە پرس وگرفتە گرنگەکانی دەسەڵاتی ئێرانە. لەهەرە خاڵە بەهێزەکانی ژنانی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانم ئاماژە بە دەسکەوتی زۆرینەی ژنان لە بەشی پەروەردە دابکەم. پەروەردە و لەبەر دەست بوونی ئینتەرنێت توانیوێتی ژنان لە دوونیایەک کە دەسەڵات و دەوڵەت دەیانهەویست بی خوڵقێنن دووریان کاتەوە واتا ئاسۆیەکی بەربڵاو تریان نیشان دا. داخوازی و چاوەڕوانی ژنان لەگەڵ چاوەڕوانی دەوڵەت و دەسەڵات جیاوازیەکی زۆری هەیە.
-هەوڵەکانی ژنان بۆ چارەسەری کێشەکانیان تا چ ئاستێک بووە؟ ئایا بزاڤی ژنان لە ئێران ڕەوتێکی تەکامولی تێپەڕ دەکا یان نا ئێستاش ساوایە؟
ژنان لە هەر یەک لە پلەکانی مێژووی ئێران لەگەڵ بەربەست گەلێکی زۆر ڕووبەڕوو بوونەوە. "رەزا شا" بە زۆر و زۆرداری حیجابی لەوان وەرگرت و میراتی دەسەڵاتی دوای شۆڕشی گەلان بە زۆر حیجابی بەسەر زۆربەی ژنان دا سەپاند. دەسەڵاتەکانی ئێران بە دوای یەک دا بۆ کردەوەیی کردنی پڕۆژەی بە دەوڵەت بوونیان ژنانیان کردە ئامانجی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ویستەکانیان. "شا" لە ژنانی بە ڕۆژئاوا کراو وەک هێمایەکی مۆدێرنیزاسیۆن خێرای ئێران و سەرکەوتنی پڕۆژەکانی خۆی، کەڵکی وەردەگرت. لە کاتێکدا باوەڕی بە مافی ژنان نەبوو. بە پێچەوانەوە لە دەوڵەتی دوای شۆڕشی گەلان، دەسەڵاتخوازیاری گەڕاندنەوەی نرخگەلێکی کۆمەڵایەتی بە ژنان بە شێوازی خۆی بوو. نرخگەلێک کە بە بڕوای ئەو لە ڕژیمی پێشوویی ئێران لە ژنان وەرگیرابوو. پرسەکانی کەلتووری پیاو ناوەند و نەریتی ئێران، پرسگەلی ئابووری و... ڕێگای ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان سەخت کردۆتەوە. بەڵام لە بەردەست بوونی پەروەردە و ئینتەرنێت بۆتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە دەربڕینی بەردەوامی داخوازیەکانیان دوایان نەکەون. بۆ گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان گوشارێکی جددی هەیە. داخوازی و چاوەڕوانی ژنان بە شێوازی جیاواز بەیان دەکرێ. ئەوە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی چالاکیەکانی ژنان لە ئێرانە. ژنانی کورد سەرەڕای پێداگری یەکسانبوونی داخوازیەکانیان لەگەڵ ژنانی ئێرانی ئاماژە بە جیاوازیەکانی خۆشیان دەکەن. لە لایەک، خاوەن زانیاری و پەروەردەن بەڵام لە لایەکی ترەوە، پانتایی ماتەریالی کۆمەڵگا وەک یاسا، سیاسەت، ئابووری و ... تەواو دژ بە ژنانە. ئەو گۆڕەپانانە کەمتر لە ژێر دەستی ژنان دان. لە ئەنجامی ئەو گرفتانە دا ژنان بوون بە یەکێک لە قوربانیە سەرەکیەکانی دۆخی ئێستای ئێران.

ڕێژەی چالاکانی ژنان بە نیسبەت کۆمەڵی ژنان چەندە؟
ئاکتیڤیستبوون زیاتر لە شوێنێک خۆ نیشان دەدا کە دڵەڕاوکەی دابینکردنی نانی شەو و هەژاری نەبێ. شوێنێک کە بۆ هۆی ئابوری کۆمەڵایەتی وەدەست هێنانی داهاتی پێویست مەشغووڵیەتی فکری بۆ زۆربەی ئێرانیان وە بەتایبەت کوردان ساز کردوە. گوشاری ئابووری پشتی زۆر کەسی چەماندوە. و لە لایەکی تر لە بواری سیاسی، ئەکتیڤیست بوون هەڵگری بارێکی نێگەتیڤە و ئەکتیڤیست تاوانبارێکی هەنووکەییە و لە ئەنجام دا کەسانێکی کەمتر خوازیارن لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی دا چالاکی بکەن. بەو شێوەیە بە لەبەرچاو گرتنی ڕیژەی ژنانی چالاک کەمە بەڵام لەو ڕێگایەدا چۆنیەتی چالاکی هەر ئەو ئەژمارە کەمە دەتوانێ چارەنووس سازبێ و کاریگەری هەبێ. گرنگ شێوازی چالاکیەکانیانە. بە داخەوە زۆربەی چالاکانی کۆمەڵایەتی گرتووە هەندێک لەو کەسانە کە خۆیان بە پێشەنگی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری پێناسە دەکەن نەیانتوانیەوە متمانەی زۆرینەی خەڵک بەدەست بێنن.

-ئایا گۆڕەپانی چالاکانی ژن توانیویانە کێشەی ژنانی کرێکار و ناو ماڵ لە خۆ بگرێ یان ئەو کێشانەی کە باس دەکرێ تەنیا کێشەی چینێکی تایبەت لە ژنانە؟
کاتێک باس لە چالاکی فێمینیستی ژنان دەکرێ هەڵەیە کە هەموویان وەکو یەک بنرخێنین. دەبێ فێمینیستەکان لە خاوەنی بیردۆزی و بیرۆکەی جیاواز بزانین. پەیوەندی بەوە هەیە کە باسی کام فێمینیزم بکەین. فێمینیستی ئێرانی نیشتەجێی ناوەند کە باوەڕمەندە بە چالاکی چاک سازی لیبرالی و کەمترخەمی گرفتەکانی ژنانی چینی خوارەوە و پەراوێزی هەیە.
فێمەینیستێک کە پەیوەندیدار بە ئەتنیکی کەمینەیە پێداگرە لەسەر چارەسەری کێشەی ژنانی ئەتنیکی، کەمینە ناتوانێ خۆی لەچارەسەری پرسی نەتەوەیی ژنانی کەمینە لادا. لە حەقیقەت دا دەمەوێ بڵێم بۆ چوونی ژنانی فێمینیستی ئێرانی وەک یەک ناچن تا لەیەک چوارچێوە دا شرۆڤە بکرێن. بەڵام کێشەی هاوبەشی تەواوی فێمینیستە ئێرانیەکان ئەمەیە کە بە هۆی کێشەی ئەمنی و جەوی کپی سیاسی ئێران کەمتر پەیوەندێکی ڕاستەو خۆ لەگەڵ ژنانی کۆمەڵگا سازدەکەن و زۆرتری چالاکی و گفت و گۆکانیان لە ئاستی تیۆری و نوسراوەیی دایە. کە ئەمە بابەتێکە چالاکی پەیوەندی دار بە ژنان تووشی کێشە دەکات.

سەرەکیترین کێشەی ژنان چیە؟ چ ئاڵتێرناتیڤێک بۆ چارەسەری کێشەکانیان دەبیینن؟
ژنانی لە ئێران یەک دەست و لە بارودۆخی وەکویەکتری نین و هەرکامیان بە پێی بارودۆخی تایبەتی خۆیان لە سەر پرسگەلی تایبەت بەخۆیان دەدوێن. داواکاریەکانی ژنێکی فارسی تارانی شیعە مام ناوەند لەگەڵ داخوازی ژنێکی سونەی بەلووچی چینی بن دەست یەک نیە کە ئێستاش کێشەی نان و پەروەردەی چارەسەر نەبووە. ئەگەر بۆ ژنانی چینی سەردەست یاسای پشت بە ئیسلام کێشەی سەرەکیە یان حیجابی زۆرە ملێ بێ، بەڵام بۆ ژنانی هەژاری کە لە کوردستان هاوژینە کۆڵبەرەکانیان لە دەست داوە و خۆیان بە تەنێ ناچارن بەرپرسایەتی ژیان و منداڵەکانی وە ئەستۆ گرێ بێ گومان حیجاب و ڕۆیشتن بۆ یاریگاکان پرسگرە نیە. بەداخەوە لە ئێران، هەژمۆنی ژنانی سەردەستی خاوەن یەک داخوازی، ئیزن نادە کە داخوازی ژنانی تر بدیترێ. بەڵام بۆ زۆربەی ژنان پرسگەلی ئابووری وەک هەژاری، بێکاری و سەربەخۆ نەبوونی ئابووری، یاسای نایەکسان و ... پرسی هاوبەشی گشتیانە. هەر ژنێکی ئێرانی لە هەر شوێنێکی لە پرسی یاسایەکی نایەکسان کێشەی هەیە. لە عینی هاوبەشی ژنانی ئێرانی، جیاوازیەکانیش بەرچاون.

تووندووتیژی سەر ژنان بە چ شێوەیەکە؟
سەرەڕای تان و پۆی باوکسالاری کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت کوردستان کە مێژووی لە پشتە لە سیستەمێک کە بنەمای خۆی لەسەر نایەکسانی نێوان ژن و پیاو داڕشتووە بێ گومان شێوازی جۆراو جۆر لە تووندووتیژی وتەیی، سایکۆلۆلۆژی، جەستەی و ... لەسەر ژنان پەیڕەو دەکرێ. توندوتیژی بە وێنەی جۆراو و جۆر لە بازنەی تاکەکەسی و گشتی لەسەرەوە بەرهەم دێتەوە. شوێنێک کە ژنان گەیشتوونە ئاستی بەرزی خوێندەواری چاوەڕوانیەکانیان وەک ڕابردوو نیە بەڵام ناوەندگەلی جۆراو جۆری کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتووری بەردەوام ژنان بۆ هاوسەرگیری، پەیوەندی لە چوارچێوەی ئیزدواج، دایکایەتی ، ... هان دەدەن. ژنان بە شێوازی جۆراو جۆری گۆشاری ڕوحی و سایکۆلۆژی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەگرن. شوێنێک کە ژنان بە هۆی بێ حیجابی دەگیرێن لە ڕاستیدا توندوتیژی لە وێنەی دەوڵەتی، فەرهەنگی، ماڵباتی،.. ڕوێکی ئاشکرای لە کۆمەڵگایی ئێرانی هەیە و تەنیا تایبەت بە بازنەی تاکە کەسی نیە.

ئەم ساڵ ڕێژەی ژنانی سەرکەوتوو لە پلەکانی سەرەکی کەمتر بووە تا ئەو رادایەی کە لە ٣٦ کەس تەنیا ١٠ ژن لە پلەبەرزەکان دەرکەوتون بە بڕوای ئێوە هۆکارەکە چیە ؟
هەر وەکو ئەوەی کە پێشتر ئاماژەم پێ کر، دەستەبەر بوونی پەروەردە یەکێک لە گرنگترین ئامانجی چالاکانی ژن لە سەردەمی شۆڕشی مەشڕوەتە (١٩٠٦) تا ئێسستا بووە. بەختەوەرانە لە سەردەمی دوایی شۆڕشی گەلان، ئەو ئامانجە بە خێراییەکی زۆرتر بەدوا چوونەوەی بۆ کرا. بە هۆی پێداگری حکومەتی بە دەسەلات گەیشتوو لەسەر ئیسلام ، ئەخلاق و هەر وەها ئەنجام و لێکەوتنەکانی چ خوازراو یا نەخوازراو بارودۆخی سەردەستی لەسەر ئێران، هاتنی ژنان بۆ زانکۆ و کۆلێژەکان بەرەو گەشە کردن چوو. دوای چەند ساڵ. ژنان لەو گۆڕەپانە دا لە پیاوان پێش کەوتن. لە مەودای هاتن بۆ زانکۆ ئەویش لە شارەکانی دەرەوەی نیشتەجێی بنەماڵە، زۆربەی ژنانی چینی ژێردەست توانیان بۆ یەکەم جار بەشێک لە تایبەتمەندی ئازادییە کانی تاکە کەسی دوور لە چاودێری بنەماڵە بەدەستبێنن. دوای تەواو کردنی زانکۆ، لەگەڵ دۆزینەوەی ئیش و کار تا ڕادەیەک ئازادی تاکە کەسیان سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ بنەماڵە بوون گەرەنتی دەکرا. شوێنێک کە پێشتر بنەماڵەکان ڕێگایان نەدەدا کچەکانیان بخوێنن بە ڵام ئەو جار سەربەخۆیی ئابووری ژنان یارمەتی ئەوانی داو متمانەی بەخشی بە ئەوان.

-چ شتێک دەبێتە هۆکار کە بەرپرسانی حکوومەتی لەسەر جەستەی ژن تا ئەو ڕادەیە سیاسەت دەکەن؟
هەر ئەو جۆرەی پێشتر ئاماژەم پێ کرد، یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتەکانی ئێران لە مەودای مێژوو دا لە ژنان دا خۆی نیشان داوە. هەر یەک بە پێی بیردۆزی سەردەستی خۆی داخوازی و چاواڕوانی جیاوازی لە ژنان هەبووە. ژنان و بە تایبەت بازنەی بنەماڵە نیشاندەری سەرەکی سیاسەتەکانی دەوڵەت بوون. بە پێی گۆڕانی کات و شوێن، ئەم داخوازی و چاوەڕوانیانە گۆڕانکاریان بەسەر هات. ئەگەر لە زەمانی پەهلەوی، ژنی خۆش ستایل و بە جلی ڕۆژئاوایی خوێندەوار، هێمای ڕەوتی مۆدێڕنیزاسیۆن "شا" ی بوو. لە سەردەمی حکومەتی ئێستا، ژنی موسڵمانێکی فەرمانبەر کە یەکەم هەڵبژاردەی گرنگیدان بەماڵ و منداڵە، بنەماڵەی قوربانی سەرکەوتن و بەرژەوەندییە لاری و کۆمەڵایتیەکانی خۆی ناکە، ئیزدواج و هێنانی منداڵ لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەوە... ئەو شتەی کە ڕوونە ئەمەیە کە ژنان لەو ڕەوتە جیاوازانە، ئازادیان نیە. دەوڵەت چوون زڕبابێکی نەخوازراو هەمووکات سیاسەتەکانی لەسەر هەبوون و جەستەی ژنان داسەپاندووە. لە مەودای ئەم سیاسەتانە. ژن خۆی هەبوونێکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە پێناسە نەکراوە. ژنان ئامێرێکن لە ڕێگای نمایشی ئامانجی حکومەت. ئەوە حکومەتە کە یاساو شێوازی ژن بوون، سوودمەندی و بێسوودی هەرشتێکی دەست نیشان دەکات. ئەو شتەی کە لێرە دا ون دەبێ ئیرادە و ویستی تاکە کەسی و گشتی ژنانە. ڕەنگە ئەمە وەڵامێک بێ بۆ پرسیاری پێشووتان کە بزاڤی ژنان تا چ ڕادەیەک توانیوێتی لە دەستە بەر کردنی مافی ژنان کاریگەر بێ؟ لە شوێنێک کەسادەییترین هەڵبژاردەی تاک تەنانەت لە کەڵک وەرگرتن لە پاسکیل بن پێ دەخرێ دەتوانین بڵێین بە گشتی چالاکی ژن بوون بە وێنەیەکی تایبەت لەو چەشنە کۆمەڵگایانەدا کارێکی ئاسان نیە.

لە ڕاپۆرتێک کە بڵاو بۆوە ژنانی فەقیر تەنانەت منداڵی ناو زکیشیان دەفرۆشن ئایا دەکرێ بڵێین لەش فرۆشی لە ئێران گەیشتۆتە ئاستێکی قەیراناوی؟
هەر وەکی پێشتر ئاماژەی پێکرا. هەژاری و قەیرانی ئابووری یەکێک لەم کێشانەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەرۆکی ئەژمارێکی زۆر لە ئێرانیەکان وە بەتایبەت ژنانی گرتووە. شوێنێک کە هەژاری هەیە و دابیین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە بۆتە گەورەترین کێشەی کەسەکان دەبێ چاوەڕوانی هەر چەشنە قەیران و بابەتی نەخوازراوی هەژاری و بێ کاریمان هەبێ. لەش فرۆشی یەکێک لەم بابەتانەیە. هەرچەند ئەژمارێکی درووست سەبارەت بە ئەم بابەتە نیە، ناکرێ بە دڵنیایی سەبارەت بە بابەتی لەش فرۆشی لێدوان بدرێ، بەڵام ئەو شتەی کە ناکرێ نکۆڵی لێ بکردرێ ئەمەیە کە ئەم دیاردەیە هەبوونی هەیە و قوربانیەکانی خۆی لە ناو ژنانی هەژار و پەراوێز خراو وەردەگرێ.

لە کۆتایی دا ئاسۆی خەباتی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟
پێشتریش باس کرا کە سەرەڕای هاوبەشیەکی زۆر لە ناو ژنانی ئێرانی بە گشتی هەیە. جیاوازییەکانیش نکۆڵی هەڵنەگرن. تا کاتێک کە سەرنج نەدرێ بە ئەم جیاوازیانە و پرسگەلی ژنانی ئێرانی لە کێشەکان و داخوازییەکانی ژنانی مام ناوەندی نیشتەجێی ناوەندی ئێرانی سنوورەکانی بەرفراوانتر نەکاتەوە، ناکرێ بە یەک ئامانجی و یەکڕابوونی بزاڤی ژنان هیوادار بین. دانپێدانان بەجیاوازیەکانی ژنانی ئێرانی نەتەنیا بزاڤی ژنان لاواز ناکات. بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێزبوونی تێۆریکی ئەو بزاڤە و تاوتوێی هەمەلایەنەی پەراوێزخستنی ژنان ڕوونتر دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، تا ئەو کاتەی کە ژنان نەتوانن خۆیان بەڕێکخستن بکەن و چالاکیان هەبێ ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە چالاکیە سایبێر و تاکەکەسی ژنانی چالاک بە ئەنجام بگا. لە کاتی ئێستادا بەهۆی بارودۆخی ئێران، زیاتر لە هەر کاتێکیتر ژنان خۆیان بە چالاکیە تاکە کەسی و جیا لە یەک سنوردار کردووە. ڕەنگە ئەو ڕێگایە بتوانێ ژنان لە بواری تیۆریێک و فکری بەهێز بکا، بەڵام تا کاتێک گفتوگۆ تیۆریەکان فۆرمی پراتیک بەخۆیان نەگرن نەتوانن نێوان لە نێوان دونیای ڕاستیەکان و دونیای تیۆریک پەیوەندی دروست بکەن، ناکرێ هیوامان بە چالاکی بنچینەیی و بنەمایی لە ئێران و لە نێوان چالاکانی ژن هەبێ.

(ش ب)