گولتان کشاناک: دەتوانن دەست بەسەر بیناکاندا بگرن، بەڵام ئیرادەی گەلتان پێ ناشکێنرێت

10:44

ژنها

ئامەد – گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانی مەزنی ئامەد، کە شەوی ڕابردوو لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرا، لە میانەی وتەیەیەکیدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە)لە مانگی ئەیلولدا ڕایگەیاندبوو: دەتوانن دەست بەسەر بیناکاندا بگرن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی گەل بشکێنن.

گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانی مەزنی ئامەد دوێنێ بانگهێشت کرابووە ئەنقەرە، لە لایەن لێژنەی لێکۆڵینەوە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە کودەتاکەی ١٥ی تەممووزی رابردوو و کاریگەری ئەو بەسەر سیاسەت ئامادەکرابوو، گوێی لێ گیرا، دواتر گەڕایەوە ئامەد و لە فرۆکەخانەی ئامەد لە کاتی دابەزینی لە فرۆکەکە، دەستبەسەر کرا.

ماڵەکانی کشاناک و ئانلی دەستیان بەسەردا گیرا و تا ئێستاش پشکنین بەردەوامە، هەروەها دوای ئەوەی هاوسەرۆکان دەستبەسەر کران، هاوکات پۆلیس دەستی بەسەر شارەوانی مەزنی ئامەدیشدا گرت، ژمارەیەک پۆلیسی تورک بە زرێپۆش و چەندین ئۆتۆمبیلی تری سەربازیی گەمارۆی بینای شارەوانی مەزنی ئامەدیان داوە، کارمەندەکانی شارەوانی کە ویستیان بچنە ناو بیناکە، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە رێگەیان پێ نەدرا، ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و کارمەندانی شارەوانی بەردەوامە.

گولتان کشاناک، لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی (بەدەپە)ڕایگەیانبوو: " چونکە ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، بە زۆر دەستی بەسەر شارەوانیاکان داگرت، هەر زوڵمێک کۆتاییشی هەیە، دەتوانن دەست بەسەر بیناکاندا بگرن، بەڵام ناتوانن دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا بگرن و بیشکێنن."

(ش ب)