کۆنفرانسی ئاسایشی ژن، بە بڕیاری گرنگ کۆتایی هات
11:20
ژنها
ڕمێڵان – یەکەمین کۆنفرانسی "ئاسایش-ی ژن" لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ژێر دروشمی "ئەو شۆڕشەی ژن تێدا ئازاد نەبێت، شۆڕشێکی راستەقینە نییە" بەڕێوەچوو، بە بڕیاری گرنگ کۆتایی هات.
دوێنێ یەکەمین کۆنفرانسی ئاسایش-ی ژن لە رۆژئاوای کوردستان، بەدروشمی "ئەو شۆڕشەی ژن تێدا ئازاد نەبێت، شۆڕشێکی راستەقینە نییە" و بەئامادەبوونی ٥٠٠ ئەندام لەهەموو هەرێم و دەڤەرەکانی رۆژئاوای کوردستان'ەوە، لە ناوەندی کلتور و هونەری ئارام تیگران- لەشارۆچکەی گرگێ لەگێ لە کانتۆنی جزیرە بەڕێوەچوو.
دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکان، هەڵسەنگاندنی کارو خەباتەکانی ئاسایشی ژن لە ماوەی ساڵێکدا، پاشان پەیڕەوی ناوەخۆی ئاسایش خوێندرایەوەو پەسەند کرا.
لە کۆنفرانسەکەدا چەندین بڕیار دەرچوون، لەوانە:
-بەرەو پێشبردنی خەباتەکانی ئاسایشی ژن.
-لە شارو شارۆچکەکان کردنەوەی ناوەندی ئاسایشی ژن.
-کردنەوەی ئەکادیمیای ئاسایشی ژن لە هەرسێ کانتۆن.
-پێشخستنی دەزگا ئەمنیەکان.
-بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئاسایشی ژن و دەزگا مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان.
-زیادکردنی ڕێژەی ئەندامانی ئاسایشی ژن.
دوای پەسەند کردنی ئەو بڕیارانە، لەسەر پێشنیاری بەشداربووان دروشمی کۆنفرانس گۆڕا بۆ "بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پاراستن بەهێز دەکەین".
وتەی کۆتایی کۆنفرانسەکە لەلایەن ئایتەن فەرهاد، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی گەل پێشکەشکرا، ناوبراو لە وتەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە بۆ ئازادی ژن کرد، پاشان وتی: "لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ جاری یەکەم، بە ڕۆحی بێریتان یەکەم کۆنفرانسی خۆمان ئەنجام دەدەین، لێرە بناخەی تێکۆشانمان پتەوتر دەکەین."
کۆنفرانس بە وتنەوەی دروشمەکانی "ژن ژیان ئازادی"، بێ سەرۆک ژیان نابێت" و بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.
(ش ب)