برینی کامیان قوڵترە؟

11:22

لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی / ژنها


ناوەندی هەواڵ - زۆربەمان چیرۆکی ئەم فۆتۆیە دەزانین " کچی ناپاڵم لە ڤیتنام ". بەڵام داخۆ بەردەوامی چیرۆکەکە دەزانین ؟ بە بۆچونی من دەبێت بیزانین..


لە ٨ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢ دا فرۆکەکانی ئەمەریکا بە چوار بۆمبی ناپاڵم ئەو کەسانەی بۆردمان کرد کە بۆ خۆپاراستن پەنایان بۆ پەرستگایەک لە باکوری ڤێتنام بردبوو. ئەو مندالانەی بە زیندوویی ڕزگاریان بوو لە نێو جل، قژ و جەستەی سوتاویان دا هاواریان لێ بەرز بۆوە و هەڵهاتن، وێنەگر نیک ئوت لەسەر گرتنی وێنەی کۆمەڵێک خەڵک کە یەکێکیان منداڵێکی کچ بووکە دواتر بە کچی ناپاڵم ناسرا ، بە بڵاو کردنەوەی ئەو وێنەیە خەلاتی پولیتزاری پێ بەخشرا و ئەو ئابڕوچوونەی ئەمەریکیەکانی ئاشكرا کرد. ئەو کچە کە هاوارەکەی و ڕاکردنەکەی لە ئەنجامی ئەو ناپاڵم لە وێنەکەدا هەستی پێدەکرێت بووە سەمبوڵی وەحشیەتی ئەو شەڕەی ئەمەریکا لەبەرامبەر ڤێتنام. ئەو ئەمەریکایەی لە ئاستی دونیادا بە هێزی یەکەم دەناسرێت ئەو ڕوداوە وای لێکرد کە لە وڵاتەکەی خۆشی دا رێی لەسەر نارەزایی جەماوەری کردەوە.


ساڵی ١٩٨٢ ڕۆژنامەوانێکی ئەڵمان بە دوای ئەو کچەدا گەڕا دەرکەوت کە ناوی ئەو کچە کیم فوکە و هەموو جەستەی لە ئەنجامی ئەو بۆمبی ناپاڵمە سوتاوە و ماوەی ١٤ مانگ لە نەخۆشخانە تیمارکرا، لە سەروبەندی تیمار کردن دا هەر کاتێک ویستویەتی کە هەستێ، لەئازاردا لە بوراوەتەوە.


دوای چەندین ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی دەچێتە مۆسکۆ لە گەڕانەوەی دا پەنا بۆ کەنەدا دەبات و لەوێ داوای مافی پەنابەری سیاسی دەکات لە وکاتەدا تەمەنی ٣٤ ساڵ دەبێ، منداڵێکی سێ ساڵەشی هەبوو ، دووچاری هەناسەتەنگی، نەخۆشی شەکر و جار و باریش توشی نەخۆشی شەقیقە دەبوو. هەموو جەستەی پاشماوەی برینی قوڵی پێوەبوو. توانای هەناسەگرتن و دانی تا ئاستی کەمترین دابەزیبوو. ساڵی ١٩٩٥ کاتێ مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی شەڕی ڤێتنام کرا لە واشنتۆن، کیم فوک لەوێ بوو، بانگی کورسی قسەکردن کرا. " ئەگەر ڕووبەڕووی ئەو فرۆکەوانە ببمەوە کە ئەو بۆمبەی هاویشت، پێی دەلێم کە ناتوانین ڕابردوو بگۆڕین، بەلام بۆ خزمەتکردن بە ئاشتی لە ئەمرۆ و سبەینێ دا چیمان لە دەست بێ دەیکەین"...


کاتێ وتەکەی تەواو کرد و لە کورسیەکە هاتە خوارەوە، پارچەیەک کاغەزیان پێدا. ئیشارەتیان بۆ ئەو کەسە کرد کە کاغەزەکەی پێداون. کیم فوک سەرەتا هەڵگەڕایەوە و سەیری ئەو پیاوەی کرد. ئەو پیاو دەست و لاقی دەلەرزی کە سەیری کیم فوکی دەکرد. پاشان کاغەزەکەی دەستی خوێندەوە کە نوسیبووی: " کیم، ئەو پیاوە منم !".


ئەو فرۆکەوانەی کە لە ٨ حوزەیرانی ١٩٧٢ بۆمبی ناپاڵمی بە سەر ڤێتنام دا بەردایەوە جۆن پلومەر لەوێ وەستابوو. دوای ئەو شەڕە چەندین ساڵ بە خۆی دا نەهاتەوە، نەیدەزانی چی بکات، بووە زانای ئاینی، وێنەی ئەو کچە بچوکەی لە رۆژنامەکانەوە بڕیبوو هەمیشە لە جزدانەکەی دا لەگەڵ خۆی هەڵیدەگرت. کیم فوک سەیری ئەو پیاوەی کرد و قۆڵەکانی ڕووتکردەوە و بە ڕاکردنەوە بە ڕووی چوو. پێتان وایە کامیان برینەکەی قوڵترە؟

سەرچاوە: لیلیث

(ش ب)