گولتان کشاناک، تەمەنێک لە تێکۆشان

16:05

شەنگار برادۆست/ ژنها

ناوەندی هەواڵ – گولتان کشاناک، ژنە سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان، ئێوارەی دوێنێ لە چوارچێوەی هەوڵە کودەتاچیەکانی حکومەتی ئاکەپە دەستبەسەر کرا.

گولتان کشاناک، لە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٦١، لە شاری خارپێت(ئەلازخ)، لە باکوری کوردستان لەدایکبووە، کوردێکی زازاییە، خانەوادەکەیان پێشتر لە شاری دێرسم کۆچی خارپێتیان کردوەو لە گوندێک بەناوی (سونوکۆی)نیشتەجێ دەبن.

تەمەنی منداڵی و لاوی خۆی لەو شارە بەسەردەبات، لە خوێندنی ئامادەییدا دەست بەخەباتی سیاسی دەکات، لە ساڵی ١٩٧٨دا لە زانکۆی دیجلە لە کۆلێژی پەروەدە وەردەگیرێت، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا و لە کاتی خوێندنی زانکۆ لە سەروبەندی کودەتای ١٢ی ئەیلول دەستگیر دەکرێت. لە ساڵانی نێوان١٩٨٠-١٩٨٢ لە گرتوخانەی ئامەد زیندانی دەکرێت.

گولتان کشاناک لە هەندێک لە نوسینەکانیدا باسی لەوە کردوە کە لە گرتوخانەدا ڕووبەڕووی سەختترین ئەشکەنجە بۆتەوە. دوای ئەوەی لە گرتوخانە دەردەکەوێت، لە زانکۆی ئیجە لەبەشی ڕاگەیاندن خوێندوویەتی

لە ساڵی ١٩٩١دا وەک لە ڕۆژنامەی گۆنەش، دەست بەیەکەم ئەزمونی ڕۆژنامەوانی دەکات و پاشان لە هەریەک لە ڕۆژنامەکانی؛ یەنی ئولکە، ئۆزگور گوندەم و وڵاتی ئازاد، بەردەوامی بەو خەباتەی دەدات. هەم وەک نوسەر، هەمیش وەک بەڕێوەبەری ڕۆژنامەکان کاری کردوە. هەر لە ساڵانی نەوەدەکان لەگەڵ کۆمەڵەکێک لە هاورێکانی ڕۆژنامەی بەرخۆدانی کۆمەڵگا دەردەخەن، کە تەمەنی زۆر درێژ نابێت.

لە ساڵی ١٩٩٧دا لەناو خەباتی تێکۆشانی ژنان دا جێدەگرێت، لە شاری ئامەد وەک پارێزڤانی مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەوان لە چەندین ڕێکخراو و سەندیکادا خەباتی کردوە. لە ساڵی ٢٠٠٣دا وەک ڕاوێژکاری جێبەجێکار لە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئامەد بەردەوامی بە خەباتەکانی دەدات.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧دا، وەک کاندیدی سەربەخۆ بە پاڵپشتی پارتی کۆمەڵگای دیموکرات، وەک نوێنەری شاری ئامەد لە پەرلەمان هەڵبژێردرا، لەو کاتەوە تا ئێستا گولتان کشاناک پرسی کورد دەخاتە بەر باس و گفتوگۆ کردن و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پڕۆژەی پێشکەش کردوە. یەکێک لە پڕۆژەکانی گولتان کشاناک ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک بوو بۆ رێگەدان بە زمانی کوردی لە شوێنە گشتیەکاندا.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا دوای داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی، دەچێتە ناو پارتی ئاشتی و دیموکراتی(بەدەپە) و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش وەک هاوسەرۆکی ئەو پارتیە دیاری هەڵدەبژێردرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١دا وەک پەرلەمانتاری شاری سێریت بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا.

لە ساڵی ٢٠١٤و لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکانی تورکیادا وەک هاوسەرۆکی شارەوانی شاری ئامەد هەڵبژێردراوە تا ئێستا. گولتان ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و منداڵێکی هەیە.

ئێوارەی دوێنێ ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ لە چوارچێوەی هەوڵە کودەتاچیەکان و دەستبەسەرداگرتنی دەزگا و دامەزراوەکانی گەل لە باکوری کوردستان، خۆی و فورات ئانلی هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد دەستبەسەر کراون.

(ش ب)