چالاکیەکانی دژ بە لەشکرکێشی تورکیا بەردەوامن
09:46
ژنها
دەربەندیخان - هاوڵاتیانی دەربەندیخان دژ بە لە شکرکێشی سوپای تورکیا چالاکیەکیان ئەنجامدا.
لە درێژەی هەڵوێست و نارەزایەتییەكانی گەلی باشوری كوردستان، لە دژی لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ سەر خاکی باشور، كاتژمێر ٤ی ئێوارەی دوێنێ، بە دەستپێشخەری (دەستەی نارەزایەتییەكانی هاوڵاتیانی شارۆچكەی دەربەندیخان دژ بە لەشكرشێكی سوپای توركیا)، بە بەشداری جەماوەرێكی زۆری شارۆچكەی دەربەندیخان، رێپێوانێكی جەماوەری لە بەردەم گەراجی هۆرێن تاوەكو بەردەم قایمقامییەتی شارۆچكەی دەربەندیخان ئەنجامدرا.
لە رێپێوانەكەدا سەدان هاوڵاتی ئەو شارۆچكەیە بە وتنەوەی دروشمەكانی"ئێرە دەربەندیخانە دژی داگیركەرانە"، "دڵنیابە داگیركەر لە وڵات دەتكەینە دەر"، "گەریلای كوردستانین دژی داگیركەرانین"، "پێشمەرگەی كوردستانین دژی داگیركەرانین" بەناو بازاڕی شارۆچكەكەدا بەرەو قایمقامییەتی شارۆچكەی دەربەندیخان رێپێوانیان کرد.
خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی، دەستپێكی گردبوونەوەی جەماوەری ناڕازی شارۆچكەی دەربەندیخان بوو، لەبەردەم قایمقامییەتی ئەو شارۆچكەیە.
دواتر بروسك شێخانی، نوێنەری دەستەی ناڕەزاییەكانی هاوڵاتیانی شارۆچكەی دەربەندیخان دژ بە لەشكركێشی سوپای توركیا، بەیاننامەیەكی خوێندەوە.
جێگەی ئاماژەی کە تا ئێستا چوار دەستەی وەدەرنانی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان دامەزراون بۆ ئەو مەبەستەش چەندین چالاکیان ئەنجامداوە.
(ش ب)