رژاک، هێرش و ڕەشبگیری تورکیا لەدژی گەلی کورد ئیدانە دەکات
11:27
ژنها
سلێمانی – ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئیدانەی هێرش و ڕەشبگیریەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستانی کرد.
ئێوارەی دوێنێ لە ناوەندی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، لەشاری سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکەو هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان و بەتایبەتیش لە باکوری کوردستان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بەبەشداری دەیان ئەندامی ڕژاک دەستی پێکرد، هەریەک لەم ئەندامانەش لەسەر ئەم بارودۆخەی کوردساتان بەگشتی پیایدا تێدەپەڕێت هەڵوێستی خۆی دەربڕی، دواتر لێدوانێک لەو بارەیەوە ڕاگەیاندرا.
لە لێدوانەکەدا کە لەلایەن بانو هەڵەبجەیی ئەندامی 'ڕژاک'ەوە خوێندرایەوەو هاتبوو: "ئێمە وەکو ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لەسەرەتادا ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورکیاو ئەردۆغان کەلەدژی گەلەکەمان لەباکوی کوردستان دەستی پێکردوە ڕیسواو شەرمەزار دەکەین، هەر بۆئەم مەبەستەش ئەمڕۆ ئەم کۆبوونەوەیەمان ئەنجام داوە بۆئەوەی ئێمەش بتوانین ئەم ئۆپراسیۆن و دەستێوەردانانەی کەدەوڵەتی تورکیا لەباکوری کوردستان و ڕۆژئاواو باشوری وڵات لە دژی گەلەکەمان و کەسایەتیە سیاسی و هاوڵاتیانمان ئەنجامی دەدات، خاوەن هەڵوێستی خۆمان بین."
بانوو هەڵەبجەی وتیشی: " بێگومان ئەمڕۆ هەموو کەس، لایەن و ڕێخراوەکانی باشوری کوردستان دەزانن کەدەوڵەتی فاشیستی تورکیا ماوەیەکە دەستی بە دەستگیرکردنی ئەندامان هاوسەرۆکانی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان کردوەو لەماوەی ڕابردووشدا دەستی گرت بەسەر زۆربەی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان. لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆژانە گەلەکەمان لەو بەشەی وڵات بەدەستی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ڕووبەڕوی کوشتنی بەکۆمەڵ و تێکدانی ماڵ و حاڵیان دەبنەوە وەک دەشزانرێت دوێنێ شەو هەردوو هاوسەرۆکانی شارەوانی شاری ئامەد گوڵتان کشاناک و فورات ئانلیلەلایەن دەسەڵاتە فاشیستیەکەی ئاکەپەوە دەست بەسەر کران و ڕەوانەی زیندان کراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم کەسانە کەسی ئاسای نین و بەدەنگی گەل هەڵبژێردراون، نوێنەرایەتی ئەم خەڵکە دەکەن بەڵام دەوڵەتە فاشیستەکەی ئەردۆغان بێ گوێدانە ئەم ڕاستیانە لەسەر کارە چەپەڵەکانی بەردەوامە ."
لە لێدوانەکەی ڕێکخراوی ژنای ئازادی کوردستان ئاماژەش بە لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ خاکی باشوری کوردستان کراون و هاوە: "لەئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەمەبەستی داگیرکارەیەکانی هێزێکی زۆر هێناوەتە ناو باشورو ڕۆژئاوای کوردستان. دەیەوێت لەم پارچانەی تری کوردستان هەڵوێستە داگیرکاریەکانی درێژە پێبدات، لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا بینیمان کەدوای ئەوەی ڕێگە بەدەوڵەتی تورکیا نەدرا بەشداری لەئۆپڕاسیۆنی ڕزگارکردنەوەی شاری مووسڵ دا بکات هەر وەکو خۆی باسی لەپلانەکانی (A,B,C) دەکرد، لەماوەیەک کورتیشدا پلانی B لە شاری کەرکوک ئەنجامدا، کۆمەڵێک پێشمەرگە و خۆبەخش و کەسانی مەدەنی بە هۆیەوە شەهید بوون، ئەوەی لەوێش ڕویدا بێگوومان ئەمە کۆتا داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکیا نیە لەباشوری کوردستان، بەڵکو بەمانەوەی دەوڵەتی تورکیا لەڕۆژئاواو باشوری کوردستان ڕۆژانە بەدەستی دەوڵەتی تورکیا گەلەکەمان ڕوبەڕووی بەدەیان کۆمەڵکوژی و داگیرکاری دەبێتەوە."
لە کۆتایشدا ڕژاک، رادەگەیەنێت: " پێویستە لەسەر هەموو حزب، ڕێخستنەکان و خەڵکی باشوری کوردستان چۆن لەکەرکووک دا بەڕۆحێکی نەتەوەی هەموو هێزەکان کە هەریەکە لەپێشمەرگەو گەریلاو خەڵکی شارەکە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانەی تورکیا کەبەدەستی داعش ئەنجامدرا ئاواش لەوەدەرنانی دەوڵەتی تورکیا خاوەن هەڵوێست و یەکڕیز بن بۆئەوەی بتوانین ئەو پلانەی دەوڵەتی تورکیاو داعش لەسەر کوردستان هەیانە پوچەڵی بکەینەوە."
(ش ب)