نادیه‌ موراد و له‌میا به‌شار، خه‌ڵاتی سوخارۆفی یه‌كێتی ئه‌وروپایان وه‌رگرت

17:35

ژنها

ناوەندی هەواڵ - هه‌ریه‌ك له‌ نادیه‌ مورادو له‌میعه‌ ئاجی به‌شار، كه‌ دوو كچی ئێزیدی رزگاربووی ده‌ستی داعشن خه‌ڵاتی سوخارۆفی یه‌كێتی ئه‌وروپایان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ‌و ئازادی راده‌ربڕین، پێبه‌خشرا.

خه‌ڵاتی سوخارۆف بۆ ماوه‌ی ١٨ ساڵه‌ له‌بواری ئازادی ڕاده‌ڕبرین‌و مافه‌كانی مرۆڤ ساڵانه‌ به‌كه‌سایه‌تییه‌كانی جیهان ده‌به‌خشرێت‌و بۆ ئه‌مساڵیش یه‌كێتی ئه‌وروپا دوو كچه‌ كوردی ئێزدی وه‌ك براوه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ دیاریی كرد. ئه‌وه‌ش به‌پێی ماڵپه‌ڕی گاردیان.

نادیه‌ مواردو له‌میعه‌ ئاجی به‌شار، دوو له‌و هه‌زاران كچه‌ن كه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابی ٢٠١٤ له‌شارۆچكه‌ی شه‌نگال له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ رفێنران‌و دواتر وه‌ك كه‌نیزه‌ك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌كرا.

یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و دوو كچه‌ توانیویانه‌ رای گشتی بۆ كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان بجوڵێنن كه‌ "كه‌مینه‌یه‌كی ئایینین‌و له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ جینۆساید كراون".

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مانگی رابردوو نادیه‌ موراد، وه‌ك باڵوێزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشانكرا، هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌شدا خه‌ڵاتێكی دیكه‌ی بوای مافی مرۆڤی به‌ناوی ڤاكلاڤ هاڤاڵ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپاوه‌ پێ به‌خشرا.

خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ناوی ئه‌ندرێ سوخارۆف، فیزیاناسی پێشووی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ناونراوه‌و ساڵانه‌ ده‌به‌خشرێت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شدارییه‌كی جیاوازیان كردووه‌ بۆ شه‌ڕكردن له‌پێناو مافه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.

ساڵی رابردوو ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌خشرایه‌ ژنه‌ چالاكوانی سعودیی رایف به‌ده‌وی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌ ١٠ ساڵ زیندانی‌و هه‌زار جه‌ڵد حوكمدرا به‌تۆمه‌تی بێ ڕێزیكردن به‌ئایینی ئیسلام.

(ش ب)