ئەکادمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوای کوردستان

12:10

ژنها

دێرک – دەرچووانی ئەکادمیای ژنۆلۆژی، لە مەراسیمی کۆتایی هاتنی خولەکەیان، بە پەیامێک رادەگەیەنن کە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنانە. هەر بۆیە دەبێت ژنان پارێزگاری لێبکەن، ژنان خاوەنداری لە دەسکەوتەکانی بکەن.

ئەو ژنانەی کە لە ناو لێکۆڵینەوەدان لەسەر پەیوەندی زانست لەگەڵ ژیان، کۆمەڵگا و سروشت لە ئەکادمیای ژنۆلۆژیدا پەرە بە خەباتەکانیان دەدەن، یەکەمین خولی پەروەردەی ژنۆلۆژی لەو ئەکادمیایەدا لە ١ی ئۆکتۆبەر لە شاری دێرکی سەر بە کانتۆنی جزیرە دەستی پێکرد و لە ٢٦ ی مانگیش کۆتایی هات.

لە خولەکەدا ژنان لە هەریەک لە شارو شارۆچکەکانی وەک کۆبانێ، حەسەکە، تل تەمەر، زرگان، دێرک و گرکێ لەگێ بەشداریان کردبوو، ئەو خولەی پەروەردە لە سەر ناو و بیرەوەری شەهید تۆپراخ چەرکەز بەڕێوەچوو، لە وانەکاندا تیۆری ژنۆلۆژی وترایەوە.

لە ئەکادمیای ژنۆلۆژیدا چارەسەری بۆ زانستە کەڵەکەبوو و قەیراناویەکانی ناو کۆمەڵگا بەدەست دەهێنرێت، وانەکانی ناو ئەکادمیای ژنۆلۆژی مایەی سەرنج ڕاکێشانن، کە بریتین؛ ڕێبازی حەقیقەت کە بەراستینەی ژن پەرەیسەندوە، شۆڕشی یەکەمی ژن لە کاتی نیۆلۆتیک(چاخی بەردینی نوێدا)، سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای رەگەزگەرا، شوناسی بەرخۆدانی ژن، سۆسیۆلۆژیای ئازادی، ئەزمونەکانی شۆڕشی ژنان لە جیهان، دووەم شۆرشی ژنان لەسەر جوگرافیای لانکەی شۆڕشی یەکەمی ژن، نەتەوەیی دیموکراتیک و هاوژیانی ئازاد.

هاوکات لە ناو وانەکاندا ڕێبەری چالاکیەکانی زانستی ژنۆلۆژی وەک دەمۆگرافیا، ئەتیک-ئەستەتیک، ئابوری، سیاسەت، تەندروستی، ژینگە ناسی، پەروەردە و مێژوو خرانە ڕوو.

ئەو ژنانەی بەشداریان کردوە لەو خولە رادەگەیەنن، ئیتر هیچ کەس ناتوانێت، لەبەردەم ڕوانینی و بیرکردنەوەمان بە شێوازی ژن ببێتە بەربەست. دەرچوانی ئەکادمیای ژنۆلۆژی بە پەیامێکدا لە کۆتایی خولەکەدا رایانگەیاند شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە بە زانستی ژنۆلۆژی خۆیان بەڕێکخستن بکەن.

زینێ ئاگری ئەندامێکی دەستەی زانستی ئەکادمیای ژنۆلۆژیە و لەوبارەیەوە وتی: "ژنان لە ئەکادمیادا هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی واتا بدەن بەو ژیانە نوێیە، ژنۆلۆژی زانستی ژنە، ئەوەش مایەی خۆشحاڵی هەموومانە. بۆ یەکمجار خولێکمان بەسەرکەوتووی بەڕێوەبرد کە بەرهەمی تێکۆشانی شەهیدە نەمرەکان، هەڤاڵ بێریتان، زیلان، ساراو و بە هەزاران شەهید لە پێناو ئازادی بەدەستهێنراوە. بە ئەزمون و تاقیکردنەوەکانی ئەو هەڤاڵانەمان گەشتووین بەو ئاستە، ئەوان بە ئەزمونەکانیانەوە بناغەی شۆرش و ژیانی ئازادی ژنیان دانا."

لە مەراسیمەکەدا دایکان، وێنەی سەمبۆلی یەکەمین خولی ژنۆلۆژی تۆپراخ چەرکەزیان هەوڵواسی و بە وتنەوەی دروشم و گۆڤەند کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.

(ش ب)