چەتەکانی داعش هەشت هەزار خێزانی موسڵیان ڕفاندوە

13:22

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ژماره‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ موسڵ له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی‌ ئەو شارەوە گەیشتوەتە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس. هەر ئەمڕۆش نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە داعش نزیکەی هەشت هەزار خێزانی ڕفاندوە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ، ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ چەکدارانی داعش لە دەوروبەری موسڵ ٢٣٢ کەسیان کوشتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کەسانەى کوژراون هاوڵاتى مەدەنى و ئەندامانى پێشووى سوپاى عێراق بوون و فەرمانەکانى داعشیان ڕەتکردووەتەوە"

دەشڵێت "چەکدارانى داعش نزیکەى هەشت هەزار خێزانیان لە دەوروبەرى موسڵ فڕاندووە".

نوسینگه‌ی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروباری‌ مرۆیی‌، له‌ ٢٦ ی ئەم مانگە لە به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگەیاندبوو: له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵه‌وه‌ تائێستا ژماره‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی‌ ئاواره‌ی‌ ناوچه‌ ئارامه‌كان بوون، گه‌یشتوەته‌ ١٠ هه‌زار ‌و ٥٠٠ كه‌س.

تا ئێستا لە باشوری کوردستان سێ کەمپ بۆ ئاوارەکان کراونەتەوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانیش ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردوە و لە کەمپی ئاوەرەکانی عێراق لە شارۆچکەی هۆڵ نیشتەجێکراون.

به‌ وته‌ی‌ چاودێرانی‌ بارودۆخەکە؛ به‌راورد به‌و ماوه‌یه‌ی‌ شه‌ڕی‌ موسڵ ده‌ستی‌ پێكردوه‌، ژماره‌ی‌ ئاواره‌کان له‌و رێژه‌یه كه‌متره‌ كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرا، به‌ڵام چاودێرانی‌ عێراقی‌ پێیانوایە هێشتا شه‌ڕی‌ ناو سه‌نته‌ری‌ شاری‌ موسڵ ده‌ستی‌ پێنه‌كردوه ‌‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئاواره‌ ده‌بن، خه‌ڵكی‌ گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شاره‌كه‌ن، كه‌ داعش ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ریاندا نه‌ماوه‌.

هاوکات دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو: رۆژی سێشەممەی رابردو گەورەترین شەپۆلی کۆچ لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ رویداوە و وەزارەتی کۆچ پێشوازی لە ٣٣٠٠ کۆچبەر کردوە و لە گوندەکانی پارێزگای نەینەواوە گواستراونەتەوە بۆ کامپەکانی دیبەگەو خارز.

(ش ب)