بەڵێنی بەرخۆدان و ڕزگارکردنی ژنیان دا

13:35

ژنها


شەهبا ــ شەڕوانانی بەرەی پاراستنی ژنانی شەهبا بەڵێنی بەرخۆدان و ڕزگارکردنی ژنانی هەرێمی شەهبایان لە دەستی چەتەکان دا.

ئەو شەڕوانانە رادەگەیەنن، لەپێناو ڕزگارکردنی گوندەکانی هەرێمی شەهبا بەردەوامی بەشەڕو تێکۆشان دەدەن.

یەکێک لە شەڕوانانی بەرەی شەهبا بەناوی دەستینا بەرخۆدان دەستنیشانی کرد کە بۆ ڕزگارکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە ستەمی چەتەکان بەرخۆدان دەکەن و وتی: "ئامانجمان ئەوەیە کە هەموو ئەو گوندانەی دەکەونە هەرێمی شەهبا لەدەستی چەتەکان دەربێنین و ڕزگاریان بکەین و ژنان ئازاد بکەین. ئێمە بەڵێن دەدەین بە ژنانی هەرێمی شەهبا کە لە زووترین کاتدا لەدەستی چەتەکان ڕزگاریان بکەین."

هەروها نوژین شەڕوان کە شەروانێکیتری ئەو بەرەیەیە، ئاماژەی بەوە دا کە هەموو گوندەکانی هەرێمی شەهبا ڕزگار دەکەن و وەها بەردەوام بوو: "ئێمە گوندی تل-مەزیق-مان ڕزگار کرد. ئارتەشی داگیرکەری تورک و چەتەکانیان هێرشی گوندە ڕزگارکراوەکان دەکەن و ئێمەش وەڵامیان دەدەینەوە، مۆراڵمان بەرزەو ئامانجمان ڕزگارکردنی ژنانی شەهبایە."

شەڕوانێکی تر بەناوی ڕۆژان ئەستەر باسی لە کردەوە دڕندانەکانی چەتەکانی داعش کرد کەبەرامبەر دانیشتوانی ناوچەکە دەیکەن وتی: "چەتەکانی داعش گوندەکانی هەرێمی شەهبا ڕادەستی دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی سەربە تورکیا دەکەن. هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر ئەو گوندانەی کە ڕزگارمان کردوون. ئێمە بەرامبەر ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەکەین و چەک و فڕۆکەکانی ئەوان ئێمە ڕاناوەستێنن، ئێمە باوەڕمان بە هێزو ئیرادەی خۆمان هەیە."

(ش ب)