لە ژاپۆن دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد ئیدانە کرا

09:26

ژنها

ناوەندی هەواڵ - کوردانى دانیشتوی تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن لە بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا بە خۆپیشاندانێکى جەماوەری، ناڕەزاییان دەربری لە دژى سیاسەتەکانی تورکیا لەبەرانبەر کورد و دەستبەسەرکردنى گوڵتان کشاناک و فرات ئانلى.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە خۆپیشاندانەکەدا خۆێندراوەتەوە هاتووە:"لە کەسایەتیى گوڵتان کشاناک و فرات ئانلیدا دەست بۆ ئیرادەى گەلى کورد براوە، هاوسەرۆکانى شارەوانى لە کوردستان بۆیە دەستبەسەر کراون، چونکە کوردن، پارێزەری ژیانى ئازاد و دیموکراسیانەى گەلى کوردن، هەروەها سیاسەتی دادۆشێنەرانە و لەناوبەرانەى ئاکەپە قبوڵ ناکەن".

کوردستانیانی بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەشد داوە:"ئەو هێرشە لە دژى بۆچوونى بزووتنەوەى سیاسیى کوردە، ئەو هێرشە لە دژى هەموو کوردانە، لە دژى بوون و ژیانى ئازاد و دیموکراتیانەى گەلى کوردە".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە، وەکو هەمیشە"گەلى کورد خاوەنداریى لە ئیرادەى خۆى کردووە، ئێستاکەش بە فراوانکردنى خۆڕاگرییەکان، هێرشەکانی دوژمنان پووچ دەکاتەوە".

(ش ب)